رووداو دیجیتاڵ
کارکردن بە ماستەرکاردەکانی عێراق لە دەرەوە و نێوخۆی وڵات کێشەی تێکەوتووە و راگیراوە؛ سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق دەڵێت، راگرتنەکە لەسەر داوای بانکی فیدراڵیی ئەمریکایە و زیاتر لە 60٪ـی کاردەکان لەژێر پشکنین و وردبینیدان.
زیاء تائی، سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، رۆژی دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی راگرتنی ماستەرکاردەکان لە دەرەوەی وڵات نزیکەی چوار رۆژە دەستیپێکردووە و رۆژانە ژمارەکە زیاد دەکات؛ ئێستا زیاتر لە 60٪ـی ئەو کاردانەی لە دەرەوە کاریان پێدەکرێت راگیراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان."
بە گوتەی زیاء تائی، ئەو هەنگاوە لەسەر داواکاریی فەرمیی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بووە و لە رێگەی کۆمپانیا داراییە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەچێت. هۆکارەکەی روونکردەوە و گوتی: "هەر ماستەرکاردێک حەواڵەی دارایی زۆری بۆ دەرەوەی وڵات پێ کرابێت و گومانی لەسەر بێت، دەستبەجێ رادەگیرێت و وردبینیی تێدا دەکرێت. دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و دڵنیابوون لەوەی بە شێوەیەکی یاسایی بەکارهێنراوە، دووبارە کارا دەکرێتەوە."
کاریگەری لەسەر نێوخۆی عێراق
سەرۆکی سەندیکای کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو راشیگەیاند، پرۆسەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر نێوخۆی عێراقیش دروستکردووە؛ بەشێک لە ماستەرکاردەکان لەنێوخۆدا لەکارکەوتوون کە هۆکارەکەی کێشەی تەکنیکی و پەیوەستە بە سڕکردنی کاردەکانی دەرەوە.
زیاء تائی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە لەناکاو بووە و بڕیار وابوو مانگی داهاتوو جێبەجێ بکرێت، روونیشیکردەوە کە وردبینییە نێوخۆییەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەکرێن و کاراکردنەوەی ماستەرکاردەکان هەنگاو بە هەنگاو دەبێت.



