رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ رۆژی پێنجشەممە بەزۆری بە جێگیریی ماوەتەوە تەنیا دابەزینێکی کەمی پێوەدیارە. ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە کەوتە ژێر گوشاری پێشبینییەکان بۆ تووندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە. لەگەڵ ئەوەشدا دابەزینی کەمی نرخی نەوت تا رادەیەک پشتیوانی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.1% دابەزی و گەیشتە 4281 دۆلار.
رۆس ماکسوێڵ، بەڕێوەبەری ستراتیژی لە کۆمپانیای VT Markets لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لە ئێستا وەبەرهێنەران سەرنجیان لەسەر سیاسەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە و ئاماژەکان لەوە دەچن کە سوودی بانکی بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئاستی بەرزدا بمێنێتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار، سوودی سەر قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا و پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تووندی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دادەنێن."
نرخی نەوت رۆژی پێنجشەممە کەمێک دابەزیوە و ئەوەش هەندێ پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
لەلایەکی دیکە، ئامارەکانی رۆژی چوارشەممە ئاشکرایان کرد کە چالاکییە بازرگانییەکانی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوول دا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ دا، ئەمەش مەترسی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لەو وڵاتە زیاد دەکات.



