رووداو دیجیتاڵ
کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 2 هەزار و 250 بۆ 2 هەزار و 500 دینارە. خاوەن پەلەوەرخانەکان دەڵێن، تێچووەکەی زیاترە و زیانی زۆریان بەر دەکەوێت. کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکەن، بۆ دەربازبوونیان لە مایەپووچبوون هاوکارییان بکرێت.
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی (زەنگی ئاگادارکردنەوەی بەپەلە بۆ رزگارکردنی کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان) بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "کەرتی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئاسایشی خۆراک و سەرچاوەی بژێوی زیاتر لە 400 هەزار خێزان و هەزاران هەلی کارە و ئێستا پاشەکشەیەکی مەترسیدار بە خۆیەوە دەبینێت و بەرەو مایەپووچبوون و لەنێوچوونی تەواوەتی دەچێت".
رێکار محەممەد، مریشکفرۆش لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 2 هەزار و 400 دینار دەفرۆشرێ".
ناڕەزایی خاوەنی پەلەوەرخانەکان بەهۆی دابەزینی نرخی مریشکە. ئەوان دەڵێن، تێچووی کیلۆیەک مریشکی زیندوو لای ئەوان 2 هەزار و 500 دینار دەکەوێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، هەر ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشکی زیندوو لە سلێمانی و هەڵەبجە نزیکە لە 2 هەزار و 300 دینار و لە دهۆک 2 هەزار و 100 دینارە.
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 150 هەزار تۆن گۆشتی مریشکە، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی کێڵگە نێوخۆییەکان زیاترە لە 400 هەزار تۆن".
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان چەند داوایەک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمەش نێوەڕۆکەکەیەتی:
- بەخشینی مۆڵەتی نوێ بۆ دروستکردنی کێڵگەی پەلەوەری رابگیرێت، چونکە بەرهەمی ئێستا زۆر زیاترە لە پێویستیی بازاڕ.
- هاوردەکردنی مریشکی بەستووی دەرەکی بڕبڕەی پشتی ئابووریی نێوخۆی شکاندووە و زیانی تەندروستیشی هەیە. داواکارین بە فەرمی هاوردەکردنی بەستوو رابگیرێت.
- سەرجەم وەزارەتەکان، هۆتێل، رێستۆرانت، مارکێت و خواردنگەکان پابەند بکرێن بە بەکارهێنانی تەنیا بەرهەمی مریشکی زیندووی نێوخۆ.
- حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە بازاڕی پێویست یان دەرفەتی هەناردەکردن بۆ مریشکی نێوخۆ دابین بکات، ئەمەش زیانی راستەوخۆی بە خاوەن کێڵگەکان گەیاندووە.
- کۆنترۆڵکردنی نرخی ئالیک و هێلکەی ترووکاندن؛ ئالیک 70%ی تێچووی مریشک پێک دەهێنێت، کەچی بەبێ هیچ چاودێرییەک لە ماوەی 5 مانگی رابردوودا بە رێژەیەکی زۆر گران بووە (تەنیا لە 4 رۆژدا تۆنێک 100 هەزار دینار چووەتە سەر).
- هێلکەی ترووکاندن چاودێریی لەسەر نییە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی جووجکەی نەخۆش و هەڵگری ڤایرۆسەکانی (Mycoplasma، Reovirus، Adenovirus).
- نەخۆشییەکانی وەک IB و Gumboro زیانی گەورەیان بە بەرهەمی نێوخۆ گەیاندووە و تاوەکو ئێستا هیچ پاڵپشتییەکی کوتان و ڤاکسینی گونجاو پێشکێش نەکراوە.
- سەپاندنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی پارەی سەرپەرشتیار لە کاتێکدا سەرپەرشتیار پڕۆژەکان بەسەر ناکاتەوە، بارگرانییەکی نایاساییە. هەروەها گرانبوونی نرخی سووتەمەنی (گاز و بەنزین) تێچووی بەرهەمهێنانی بەرەو لووتکە بردووە.



