رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی سیاسەتە تووندەکانیدا لە پرسی کۆچبەری، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری دا خەرجکردنی زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلار لەو بودجەیەی کە پێشتر لە لایەن کۆنگرێسەوە بۆ هاوکاریی پەنابەران، بەرنامەکانی کۆچ، خوێندن و پرسی رەگەز پەسندکرابوو، رابگرێ.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا پاساوی بۆ بڕیارەکە هێنایەوە و رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ پابەندە بە بەکارهێنانی هەموو کەرەستە و رێگەیەکی گونجاو بۆ بڕینی خەرجییە زیادە و بەفیڕۆدراوەکانی حکومەت کە لە خزمەتی هاووڵاتیانی ئەمریکادا نین."
ئیدارەی ترەمپ گوتی، ئەم بەرنامانە "هانی کۆچی نایاسایی دەدەن و گرژییە رەگەزییەکان لە نێوخۆی وڵات زیاتر دەکەن."
بەپێی دەستووری ئەمریکا، دەسەڵاتی خەرجکردنی دارایی و بەڕێوەبردنی گەنجینەی گشتی تەنیا لە دەستی کۆنگرێسدایە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ تەکتیکێکی دەگمەنی یاسایی بەکارهێناوە کە بە "Pocket Rescission" ناسراوە، بە مەبەستی دواخستن و خەرجنەکردنی ئەو پارەیە تاوەکو کاتی یاساییەکەی بەسەردەچێت، بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەسندکردنی کۆنگرێس.
بڕیارەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی هاوکاریی کۆچبەران و پەنابەران رووبەڕووی رەخنەی کۆنگرێس بووەوە، تەنانەت لە نێو سەرکردەکانی پارتەکەی خۆی.
سیناتۆر سوزان کۆلینز، ئەندامی پارتی کۆمارییەکان و سەرۆکی لیژنەی تەرخانکردنی دارایی لە ئەنجوومەنی پیران، هەنگاوەکەی بە "نایاسایی" ناوبرد و گوتی: "ئەمە نوێترین هەوڵە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی دەستووریی کۆنگرێس بەسەر گەنجینەی گشتیدا. هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارەی تەرخانکراو بەبێ پەسندکردنی یاسادانەران، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسایە."
ساڵی رابردووش لە کاتێکدا داواکاریی یاسایی لە دادگاکاندا بەردەوام بوو، دادگای باڵای ئەمریکا رەتیکردەوە رێگری لە ترەمپ بکات لە بەکارهێنانی هەمان میکانیزم بۆ بلۆککردنی 4.9 ملیار دۆلار لە هاوکارییە دەرەکییە پەسندکراوەکانی کۆنگرێس.
ئەو بودجەیەی کە ترەمپ بڕیاری راگرتنی داوە، بۆ پشتیوانیکردنی چەندین بەرنامەی مەیدانیی مرۆیی و کۆمەڵایەتی تەرخانکرابوو. بەشێکی سەرەکیی پارەکە راستەوخۆ دەچووە خزمەت پرۆگرامەکانی نیشتەجێکردنەوە و بەهاناوەچوونی پەنابەران (وەک دابینکردنی شوێنی مانەوەی کاتی، فێرکردنی زمانی ئینگلیزی، چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی و راهێنانی پیشەیی بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە یاسایی دەگەنە ئەمریکا).
بەشێکی دیکەی پارەکە تەرخانکرابوو بۆ بەخشینی قەرز و یارمەتیی دارایی بەو بزنس و پڕۆژە بچووکانەی لەلایەن پێکهاتەکانی وەک رەشپێست و لاتینۆکانەوە بەڕێوەدەبرێن، هاوشانی دابینکردنی بودجە بۆ پرۆگرامی پەروەردەیی تایبەت بە کەمکردنەوەی جیاکاریی رەگەزی لە قوتابخانە و زانکۆکان و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە لە دەرەوەی وڵات.
.jpg&w=3840&q=75)

