رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تیکتۆک لەگەڵ داواکاری گشتیی ویلایەتی ئەلابامای ئەمریکا گەیشتە رێککەوتن بۆ پێدانی لانیکەم 100 ملیۆن دۆلار و جێبەجێکردنی چەندین رێکاری نوێ لەسەر بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکە لەلایەن مێرمنداڵانەوە، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دادگاییکردنێک کە بڕیار بوو لە رۆژانی داهاتوودا دەستپێبکات.
ستیڤ مارشاڵ، داواکاری گشتیی ئەلاباما لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەپێی رێککەوتنەکە، ئەلاباما لانیکەم 100 ملیۆن دۆلار لە 45 رۆژدا وەردەگرێ. هاوکات لە ئەگەرى جێبەجێکردنى هەندێک مەرجی تایبەت، بڕەکە بۆ 300 ملیۆن دۆلار بەرزدەبێتەوە."
ئەلاباما لە نیسانی 2025 داوای یاسایی دژی تیکتۆک و کۆمپانیای پەرەپێدەرى ئەپەکە (بایت دانس) تۆمارکرد، بەو تۆمەتەی ئەپەکە بەجۆرێک دیزاین کراوە منداڵان و مێرمناڵان ئالوودە دەکات، "هاوشێوەی ئامێرێکی پێشکەوتووی قومار."
لێکۆڵەرانی ویلایەتەکە بە ئەکاونتی ساختەی کەسانی تەمەن 13 بۆ 15 ساڵ و بە چالاککردنی دۆخی سەلامەتی چوونەتە نێو ئەپەکە. سەرەڕای بەڵێنەکانی تیکتۆک بۆ رێگریکردن لە نێوەڕۆکی نەشیاو، هەژمارەکان لە ماوەیەکی کەمدا ڤیدیۆی هاندانی خۆکوشتن، بریندارکردنی جەستە، تێکچوونی خواردن، کحول و بابەتی سێکسییان پێشاندراوە.
بڕیار بوو رۆژی دووشەممە بە دەستنیشانکردنی دەستەی سوێندخۆران دادگاییکردنەکە دەستپێبکات، بەڵام ئەم رێککەوتنە تیکتۆکی لە پیشاندانی بەڵگەنامە نێوخۆییەکانی کۆمپانیاکە و شایەتیدانی بەڕێوەبەرەکانی لە دادگایەکی کراوەدا پاراست.
لە کاردانەوەی رێککەوتنەکەدا، گوتەبێژی تیکتۆک رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان "هەمیشە لەپێشینەی کارەکانی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئەرێنی بووە بۆ بەکارهێنەران و بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردنی ئامرازەکانی سەلامەتی بۆ پاراستنی منداڵ و مێرمنداڵان."
بەپێی رێککەوتنەکە، تیکتۆک رازی بووە بە جێبەجێکردنی چەندین رێکار، لەوانە:
دانانی سنووری زۆرترین بەکارهێنان بۆ دوو کاژێر لە رۆژێکدا بۆ مێرمنداڵان.
قەدەخەکردنی چوونەژوورەوەی منداڵان بۆ نێو ئەپەکە لە نێوان کاژێر 12:00ـی شەو تاوەکو 6:00ـی بەیانی.
بەهێزکردنی کۆنترۆڵی دایکوباوکان و کەرەستەکانی سەلامەتی.
ئەم بڕیارە بەشێکە لە شەپۆلێکی بەرفراوانی سکاڵا یاساییەکان لە ئەمریکا دژی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بەهۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیی دەروونیی منداڵان. لە کاتێکدا تیکتۆک لە رێگەی پارەدان و رێککەوتنەوە لە دادگا دووردەکەوێتەوە، کۆمپانیای "میتا" (خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام) لە دادگاکاندا رووبەڕووی سزای گەورە بووەتەوە، لەوانە سزای 375 ملیۆن دۆلاری لە نیومەکسیکۆ و رێککەوتنی گەورەی 18 ملیار دۆلاری لەگەڵ چەندین ویلایەتی ئەمریکا.

.jpg&w=3840&q=75)
