رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین، گەورەترین دراوی دیجیتاڵیی جیهان، ئەمڕۆ ئاراستەی بەرەو بەرزبوونەوەیە و یەک بیتکۆین بە 84 هەزار و 460 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە 24 کاژێری رابردوودا، نرخی بیتکۆین لەنێوان 83 هەزار و 230 دۆلار و 84 هەزار و 660 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە. لە ماوەی یەک هەفتەدا نرخی بیتکۆین نزیکەی 3.64٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لە دوو هەفتەشدا، بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین بەڕێژەی 8.85٪ بووە کە رێژەیەکی بەرچاوە و بەپێی شارەزایانی دراە دیجیتاڵییەکان ئەوە هێمای ئەوەیە بەرزبوونەوەکانی چەند هەفتەی رابردووی نرخی بیتکۆین هێشتا وزەی لەدەستنەداوە و بە ئەگەری زۆرەوە نرخی ئەو دراوە دیجیتاڵییە دەتوانێت پارێزگاری لە ئاستە بەرزەکانیشی بکات.
لە رۆژانی پشووی هەفتەی رابردوودا بە بڕی 27 ملیار دۆلار مامەڵە بە بیتکۆینەوە کراوە و قەبارەی بازاڕی بیتکۆین ئێستا گەیشتووەتە 1.69 تریلیۆن دۆلار.
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان لەبارەی نرخی بیتکۆینەوە پێیانوایە، ئاستی 83 هەزار دۆلار بۆ نرخی بیتکۆین ئاستێکی گرنگە و دەبێت چاودێری بکرێت کە ئایا دەتوانێت پارێزگاری لەو ئاستە بکات. ئەگەر ئەوە رووبدات بە ئەگەری زۆرەوە نرخی بیتکۆین دەتوانێت ئاستەکانی 85 هەزار و 86 هەزار دۆلار بەدەست بهێنێتەوە.


