رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ راپۆرتەکانی دەستەی ئاماری عێراق، لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا تێکڕای پێوەری گشتیی نرخی بەکاربەر بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 3.3%. هەروەها هەڵاوسانی مانگانەش بەراورد بە مانگی تەممووز، بە رێژەی 0.7% بەرزبووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پێوەری گشتیی نرخی بەکاربەر لە مانگی ئابی ساڵی 2026 گەیشتووەتە 110.9 خاڵ، لە کاتێکدا لە مانگی تەممووزی هەمان ساڵدا 110.1 خاڵ بووە، بەوەش هەڵاوسانی مانگانە 0.7% زیادی کردووە.
بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارەوە بۆ ئەم ساڵ
داتاکانی دەستەی ئامار دەریدەخەن کە بەراورد بە پار، ئاستی گشتیی نرخ رووی لە بەرزبوونەوە کردووە:
- لە مانگی ئابی 2026دا ژمارەی پێوانەیی گەیشتووەتە 110.9 خاڵ.
- لە مانگی ئابی 2025دا ژمارەی پێوانەیی لە ئاستی 107.4 خاڵدا بووە.
- رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی ئابدا گەیشتووەتە 3.3%.
بەراوردی هەردوو مانگی تەممووز و ئابی 2026
راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری عێراق بەراوردکارییەکی لەنێوان هەردوو مانگی تەممووز و ئابی 2026 خستووەتەڕوو، کە دەریدەخات بەرزبوونەوەی نرخ لە مانگی ئابدا خێراتر بووە:
- مانگی تەممووزی 2026:
- ژمارەی پێوانەیی 110.1 خاڵ بووە (بەراورد بە مانگی حوزەیرانی 2026 کە 110.0 بووە).
- هەڵاوسانی مانگانە 0.1% بووە.
- هەڵاوسانی ساڵانە 3.3% بووە (بەراورد بە تەممووزی 2025 کە 106.6 خاڵ بووە).
مانگی ئابی 2026:
- ژمارەی پێوانەیی بۆ 110.9 خاڵ بەرزبووەتەوە.
- هەڵاوسانی مانگانە 0.7% بەرزبووەتەوە (واتا بەراورد بە مانگی پێشوو گەشەی هەڵاوسان خێراتر بووە).
- هەڵاوسانی ساڵانە لە ئاستی 3.3% بە جێگیری ماوەتەوە.
پێوەری نرخی بەکاربەر لە عێراق چۆن هەژمار دەکرێ؟
پێوەری نرخی بەکاربەر (CPI)، لەلایەن دەستەی ئامار و سیستمی زانیارییە جوگرافییەکانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی مەیدانی کۆدەکرێتەوە، تێیدا چاودێریی گۆڕانکاریی نرخی سەبەتەیەکی هەمەچەشن لە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەکرێ، لەوانە (خۆراک و خواردنەوەکان، نیشتەجێبوون و کرێ، ئاو و کارەبا، تەندروستی، گواستنەوە، پەروەردە و پەیوەندییەکان).
دەستەی ئاماری عێراق بۆ بەدواداچوونی ئاستی بژێوی و گۆڕانکارییەکانی بازاڕ، داتاکانی لەسەر دوو هێڵی سەرەکی دەخاتەڕوو. یەکەمیان لەڕێگەی پێوەری ژمارەی پێوانەیی نرخەکانی بەکاربەرەوەیە کە قەبارەی هەڵاوسان بە خاڵ و رێژەی سەدی دەپێوێ. دووەمیشیان لە رێگەی رووپێوی مەیدانیی مانگانەی بازاڕەکانەوەیە لە بەغدا، پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنانی تێکڕای نرخی راستەقینەی خۆراک بە دیناری عێراقی. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ساڵی 2026 نرخەکان بەپێی وەرزەکان گۆڕانکاریی بەرچاویان بەسەردا هاتووە و بەشێکی کاڵا سەرەکییەکان لە نیوەی دووەمی ساڵ (بەتایبەت لە تەممووز و ئاب) گرانتر بوون.
نرخی خۆراک و پێداویستییەکان؛ گۆشتی سوور لە بەرزبوونەوەدایە
رووداو داتای لە دەستەی ئاماری عێراق دەستکەوتووە و دەردەکەوێ کە لە کەرتی پڕۆتینی ئاژەڵیدا، گۆشتی سوور لە ئاستێکی بەرزدا ماوەتەوە. نرخی یەک کیلۆگرام گۆشتی بەرخی خۆماڵی لە سەرەتای ساڵ (کانوونی دووەم و شوبات) لەنێوان 20,000 بۆ 21,500 دینار بوو، بەڵام لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا گەیشتە لووتکە و بە 22,000 تاوەکو 23,500 دینار فرۆشراوە.
گۆشتی بێ ئێسکی گوێرەکەش لە 16,500 دینارەوە گەیشتووەتە نزیکەی 19,000 دینار؛ هەروەها ماسیی زیندووی (کارب) گرانبوونێکی بەرچاوی تۆمار کردووە و نرخی کیلۆیەک لە 6,000 دینارەوە بۆ 7,500 دینار بەرزبووەوە. تەبەقەیەک هێلکەیش لە 5,500 دینارەوە گەیشتووەتە 6,500 دینار، لە کاتێکدا مریشکی زیندوو بە درێژایی مانگەکان لەنێوان 3,750 بۆ 4,500 دیناردا هەڵبەز و دابەزی کردووە.
سەبارەت بە سەوزە، نرخەکان بە تەواوی لەژێر کاریگەریی وەرزی پێگەیشتنی بەروبووم و گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا بوون. بۆ نموونە، تەماتە لە سەرەتای وەرزی هاوین (ئایار و حوزەیران) بەهۆی زۆریی بەرهەمەوە تاوەکو 750 بۆ 1,000 دینار دابەزیبوو، بەڵام لە مانگەکانی تەممووز و ئابدا بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی خۆماڵی و گەرما، نرخەکەی بۆ 1,250 تا 1,500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک بەرزبووەوە. پەتاتە و پیازیش سەرەتا هەرزانتر بوون، لە کۆتاییەکانی هاویندا روویان لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتنە 1,000 بۆ 1,500 دینار بۆ هەر کیلۆیەک.
لە بەرامبەر گرانبوونی گۆشت و سەوزەدا، کاڵا ستراتیژی و وشکەکانی نێو سەبەتەی خۆراک کەمترین کاریگەریی هەڵاوسانیان لەسەر بووە، بە جۆرێک نرخی یەک لیتر رۆنی بازرگانی لەنێوان 2,250 بۆ 2,750 دیناردا ماوەتەوە، برنجی بەسمەتیی پلە یەکیش لە 2,250 بۆ 2,750 دینار بۆ هەر کیلۆیەک جێگیر بووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم سەقامگیرییەش دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامیی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە، کە وەک چەترێکی پارێزەر رێگری لە قەیرانی گرانبوونی دانەوێڵە و پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕی ئازاددا دەکات.


