رووداو دیجیتاڵ
دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (کرێسکات کاپیتاڵ) پێشبینییەکی ناوازە و چاوەڕواننەکراوی خستووەتەڕوو و دەڵێت، دەکرێت لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا و لەوانەیە تاوەکو ساڵی 2030، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بگاتە 20,000 دۆلار.
کێڤن سمیت، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (کرێسکات کاپیتاڵ)، کە لە ساڵی 1992ەوە بەڕێوەبەری وەبەرهێنان بووە، پێشبینییەکەی لەسەر بنەمای دوو مۆدێلی ئابووری داڕشتووە، کە نرخی زێڕ دەبەستێتەوە بە خستنەڕووی پارە لە جیهاندا، رێژەی گەشەی نرخی زێڕ و پشکەکانی ئەمریکا.
لە راپۆرتێکی توێژینەوەدا کە لە 22ی تەممووزی 2026 بڵاوکرایەوە، کرێسکات کاپیتاڵ دوو ئەگەری بۆ گەیشتن بە ئامانجی 20,000 دۆلار دیاریکردووە. هەرچەندە هەردوو رێگەکە لەڕووی بیرکارییەوە لۆژیکین، بەڵام هەریەکەیان بەستراونەتەوە بە گۆڕانکاریی گەورە لە سیستمی دارایی جیهانیدا.
خستنەڕووی پارە لە جیهان، زێڕ بەرامبەر زیادبوونی پارە
یەکەمین مۆدێلی کرێسکات بەراوردی خستنەڕووی نەختینەیە لە جیهاندا، بەو بڕە زێڕەی لەسەر زەویدا بەردەستە. بەڵگەی سەرەکی ئەوەیە کە لە کاتێکدا حکومەتەکان و بانکە ناوەندییەکان دەتوانن پارە چاپ بکەن و زیادی بکەن، بڕی زێڕی فیزیکی لە جیهاندا زۆر بە خاوی گەشە دەکات و زیاد دەبێت.
بە گوێرەی کرێسکات، خستنەڕووی پارە لە جیهاندا لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا بە تێکڕای ساڵانەی نزیکەی 7% گەشەی کردووە. ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام بێت و لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی زێڕ بە سنوورداری بمێنێتەوە، بەهای زێڕ دەکرێت بە شێوازێکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
مۆدێلەکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە کۆتاییدا دەکرێت زێڕ نرخی نوێی بۆ دابنرێتەوە، تاوەکو رەنگدانەوەی بەشێکی زۆر گەورەتری سامانی نەختینەیی جیهان بێت. لە ژێر گریمانەکانی کرێسکاتدا، ئەم دۆخە دەکرێت لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵدا نرخی زێڕ بگەیێنێتە نزیکەی 20,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە تەنیا مۆدێلێکی هەڵسەنگاندنی نرخە، نەک پێشبینییەک بۆ ئەوەی کە بانکە ناوەندییەکان بە فەرمی بگەڕێننەوە بۆ ستانداردی زێڕ بە چەشنێک زێڕ وەک مەرج و پاڵپشتییەک بۆ چاپکردنی پارە چاوی لێدەکرا.
ئەگەری داڕمانی بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا
دووەمین مۆدێلی، کۆمپانیاکە رێگەیەکی جیاواز دەگرێتەبەر، ئەویش پشکنینی پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوان زێڕ و پێنوێنی (S&P 500)ـی بۆرسەی ئەمریکایە.
کۆمپانیاکە سیناریۆیەک لەبەرچاو دەگرێت کە تێیدا بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا بە رێژەی 50% دابەزێت، لە کاتێکدا بەهای زێڕ بەراورد بە پشکەکان بە خێرایی بەرزببێتەوە. مۆدێلەکە گریمانەی ئەوە دەکات کە رێژەی زێڕ بەرامبەر پێنوێنی S&P 500 دەتوانێت بگاتە 5.25، ئەمەش نرخی نزیکەی 20,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک زێڕ دروست دەکات.
کرێسکات ئەم دۆخە بەراورد دەکات بە قەیرانە داراییەکانی پێشوو، بەتایبەتی داڕمانی بازاڕەکان لە ساڵانی 1929 و 1973، کاتێک زێڕ دوای ئەو قەیرانانە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی لە بەهاکەیدا بەراورد بە پشکەکان تۆمار کرد.
بەڵام هێنانەدیی ئەم سیناریۆیە پێویستی بە دوو پێشهاتی گەورەیە، دابەزینێکی تووندی پشکەکانی ئەمریکا و زیادبوونێکی گەورەی بەهای زێڕ. هیچ کام لەمانەش مسۆگەر نین، پەیوەندییە مێژووییەکانی بازاڕ مەرج نییە هەمیشە وەک خۆیان دووبارە ببنەوە.
بۆچی سمیت پێیوایە هەلومەرجەکە لەبارە؟
روانگە گەشبینەکەی سمیت لەسەر سێ پێشهاتی گەورەی ئابووریی جیهانی بنیات نراوە.
یەکەم: بەرزبوونەوەی قەرزەکانی حکومەتی ئەمریکا و کورتهێنانی بەردەوامی بودجە، کە وا دەکات بۆ بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەستەم بێت سوودی بانکی بە بەرزی بهێڵێتەوە بەبێ ئەوەی تێچووی قەرزکردن بۆ حکومەت زیاد بکات. ئەگەر سیاسەتی نەختینەیی بەرەو کەمکردنەوەی سوود بچێت، گوشارەکانی هەڵاوسان پاڵپشتی لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکەن.
دووەم: بانکە ناوەندییەکان کڕینی زێڕیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. بەپێی ئاماری کرێسکات، کڕینی بانکە ناوەندییەکان لە چوار ساڵی رابردوودا بە تێکڕا گەیشتووەتە نزیکەی 1,000 تۆن لە ساڵێکدا، کە ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای دەیەی پێشووترە. بەردەوامیی ئەم کڕینانە دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ نرخی زێڕ.
سێیەم: نیگەرانییە بەردەوامەکان سەبارەت بە پێگەی درێژخایەنی دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی سەرەکیی یەدەگی جیهان، دەکرێت وڵاتان هان بدات یەدەگەکانیان هەمەچەشن بکەن. زێڕ یەکێکە لە جێگرەوە سەرەکییە بەردەستەکانی بەردەم بانکە ناوەندییەکان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنیان بە دۆلار.
سمیت باس لەوە دەکات، ئەم ئاراستانە دەتوانن هێز بدەنە یەکتر و ژینگەیەک دروست بکەن کە تێیدا زێڕ وەک سەرمایەیەکی نەختینەیی و دارایی بەهادارتر بێت.
ئامانجی 20 هەزار دۆلار هەتا چەند واقیعییە؟
لە ئاستی نزیکەی 4,200 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، زێڕ پێویستی بە بەرزبوونەوەی نزیکەی 376% دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە 20,000 دۆلار. گەیشتن بەو ئاستە لە ماوەی چوار ساڵدا، پێویستی بە قازانجی ساڵانەی نزیکەی 46% دەبێت.
بەرزبوونەوەیەکی لەو شێوەیە، تەنانەت بەپێی پێوەرە مێژووییەکانی زێڕیش، رووداوێکی ناوازە و بێوێنە دەبێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویستی بە کۆمەڵێک هۆکار دەبێت، وەک: بەردەوامیی چاپکردنی پارە، خواستی بەهێزی وەبەرهێنان و لاوازبوونی بەرچاوی متمانە بە سەرمایە داراییە کۆنەکان.
سێ سیناریۆی گشتی دەتوانن ئەنجامێکی لەو شێوەیە بهێننە کایەوە:
چاپکردنی پارەی زۆر: گەشەی بەردەوامی نەختینە و چاپی زۆری پارە هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، دەکرێت لەسەرخۆ زێڕ بەرەو سەرەوە پاڵ پێوە بنێت.
قەیرانێکی گەورەی دارایی: دابەزینێکی تووندی بازاڕی پشکەکان، هاوکات لەگەڵ دابەزینی متمانە بە دۆلار، دەکرێت لێشاوی سەرمایەیەکی زەبەلاح بەرەو زێڕ رابکێشێت.
قەیرانێکی هاوبەشی نەختینەیی و جیۆپۆلەتیکی: هەڵاوسانی بەرز، بەرزبوونەوەی قەرزی حکومەتەکان، نائارامیی جیۆپۆلەتیکی و کڕینی خێرای بانکە ناوەندییەکان کار لە یەکتر بکەن و بە خێرایی نرخی زێڕ بەرز بکەنەوە.
لە بەرامبەردا، بەرزبوونەوەی سوودی راستەقینەی بانکەکان، بەهێزبوونی دۆلار، دابەزینی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام، دەکرێت گەیشتنی زێڕ بەم ئامانجە دوابخەن یان بە تەواوی رێگری لێبکەن.
کەی زێڕ دەگاتە 20 هەزار دۆلار؟
یەکەمین مۆدێلی کرێسکات ئاماژە بە دەوروبەری ساڵی 2030 دەکات، بەو مەرجەی خستنەڕووی پارە و نەختینەی جیهانی بەردەوام بێت.
مۆدێلی دووەمی ماوەیەکی درێژتر دادەنێت، کە لەنێوان چوار بۆ 7 ساڵە، ئەمەش بەندە بە سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە لە بازاڕی پشکەکان و ئاستی کاردانەوەی زێڕ دوای ئەوە.
بەڵام ئەمانە سیناریۆی مەرجدارن نەک پێشبینییەکی دڵنیاکەرەوە لەسەر ئەوەی کەی زێڕ دەگاتە نرخێکی دیاریکراو. قەیرانێکی دارایی دەکرێت پرۆسەکە خێراتر بکات، لە کاتێکدا گەشەی ئابووریی بەهێزتر، سیاسەتی نەختینەیی تووند، یان بەهێزبوونەوەی دۆلار دەتوانێت پرۆسەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دوابخات.




