رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ، پێنجشەممە لە سەرەتای مامەڵەکانی ئاسیادا، نرخی نەوت تا رادەیەکی زۆر بە جێگیری مایەوە ئەوەش دوای ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەی لە مامەڵەکانی رۆژی پێشوو و دەستکەوتە گەورەکانی لە مانگی رابردوودا تۆماری کردبوو. ئێستا وەبەرهێنەران چاودێریی دەرئەنجامی گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئاسۆی هەناردەکردنی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ، پێنجشەممە 12 سەنت، یان بە رێژەی 0.1% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 98.15 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 7 سەنت، یان بە رێژەی 0.1% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 90.35 دۆلار کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا.
رۆژی چوارشەممە، هەردوو پێوەرە سەرەکییەکەی نەوت بە بڕی نزیکەی یەک دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوونەوە. نەوتی برێنت لە مانگی ئەیلوولدا قازانجێکی مانگانەی بە رێژەی نزیکەی 14% تۆمار کرد کە گەورەترین بەرزبوونەوەیەتی لە دوای مانگی تەممووزەوە؛ هاوکات نەوتی تەکساسیش لەو مانگەدا بە نزیکەی 5% بەرزبووەوە.
تۆشیتاکا تازاوا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای (فوجیتۆمی سکیوریتیز) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "هەرچەندە بەهۆی نیگەرانییەکان لەبارەی خستنەڕووی نەوت بەهۆی چەقبهستنی دانوستاندنەکانی ئاشتی شەپۆلی کڕین بەردەوامە، بەڵام هاوکات گوشاری فرۆشتنیش باڵی بەسەر بازاڕدا کێشاوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیشانەکانی بەرزبوونەوەی پێوە دیارە."
ئەو شارەزایە دەڵێت بۆ ئەوەی نرخی نەوتی تەکساس دابەزێت بۆ کەمتر لە 88 دۆلار، پێویستی بە پاڵنەرێکی نوێ هەیە، وەک پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستاندنەکانی ئاشتیدا.
بانکی گۆڵدمان ساکس لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، هەناردەی نەوتی کەنداو، لە هەفتەی رابردوودا بۆ 23.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ تێکڕای ساڵی 2025 .



