رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەهۆی چاکسازییەوە لە سبەیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی 30 رۆژ کەم دەبێتەوە.
سەرچاوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کەمبوونەوەکە سبەی کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان دەست پێدەکات و بەرهەمهێنان 26 رۆژیان 30% کەم دەبێتەوە و چوار رۆژ 70% کەم دەبێتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژانی 10، 11، 12 و 13ـی ئەم مانگە، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە 70% و ئەگەر وەکو پلانی بۆ دانراوە کارەکان بەڕێوە بچن، لە 14ـی مانگەوە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان دەبێتەوە 30%.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "لە سبەیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەبێتە 520 مەقمەق لە رۆژێکدا، بەڵام لە چوار رۆژدا (10، 11، 12 و 13ـی مانگی 10) کەم دەبێتەوە بۆ 250 مەقمەق".
لەبارەی کاریگەری لەسەر دۆخی کارەبا، سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "بەهۆی وەرزەکەوە 26 رۆژی کەمبوونەوەی گاز کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کارەبا نابێت، چوار رۆژیش کە بەرهەمهێنان 70% دادەبەزێت کەمێک کاریگەری دەبێت، بەڵام زۆر نابێت، چونکە پلانی ورد دانراوە و لەو چوار رۆژەدا بەرهەمی کارگە گەورەکان رادەگیرێت بۆ ئەوەی کێشە بۆ کارەبای هاوبەشانی ئاسایی دروست نەبێت".
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا هاوبەشانی کارەبا ئاگادار کردەوە لە ماوەی مانگێکدا لە رێککەوتی 2ـی 10 تاوەکو 2ـی مانگی 11، کۆمپانیای دانە گاز دەست بە پرۆسەی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات، بەمەش چەند کاژێرێک ماوەکانی کارەبا کەم دەبێتەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، بە درێژایی پرۆسەی چاکسازییەکە؛ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاوئاهەنگ دەبن بۆ ئەوەی پرۆسەکە کەمترین کاریگەری لەسەر کاژێرەکانی کارەبا هەبێت لەناو پرۆژەی رووناکی.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ کارکردن لە کێڵگەی کۆرمۆر. دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد.



