رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە دابەزیندایە. بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، هیچ بازرگان و فرۆشیارێک بە پاساوی بەرزبوونەوەی دۆلار نرخی شتوومەک بەرزنەکاتەوە، بەپێچەوانەوە سزادەدرێ.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بێگومان ئاگاداری دۆخی بازاڕ و دراوین. لیژنەکانمان فراوان کردووە و بەوردی چاودێریی بازاڕ دەکەین. هەر زیادبوونێکی زیاد لە پێویست لێپرسینەوەی لێ دەکەوێتەوە".
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "سەیری بەڵگەنامەکانی کڕینی شتومەک دەکەین و بەراوردی نرخەکان دەکەین. هەر کەس و فرۆشیارێک بە پاساوی بەرزبوونەوەی دۆلار نرخەکەی بەرزکردبێتەوە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێ".
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، رێگەنادەن هیچ بازرگانێک "ئەم دۆخە بقۆزێتەوە" بۆ بەرزکردنەوەی نرخ و داوای هاوکاری لە هاونیشتمانییان کرد و پێی گوتن: "زیاتر هاوکار و چاوکراوە بن و ئاگادارمان بکەنەوە لەو کەسانەی نرخ لە بازاڕەکاندا بەرزدەکەنەوە".
لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی زۆرینەی بەرهەمی بازاڕەکان هاوردە دەکرێ، نرخ بەگوێرەی بەهای دینار دەگۆڕێ. هاونیشتمانییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نیگەرانی دەردەبڕن و دەڵێن: "هەندێک بازرگان ئەو کاتانە دەکاتە هەل بۆ گرانکردنی شتومەک و کە بەهای دیناریش بەرزدەبێتەوە، هەر بە گران شتومەک دەفرۆشن و نرخەکان ناهێننەوە ئاستی خۆی".
لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 100 دۆلار 160 هەزار دیناری تێپەڕاند، بەڵام دواتر بەهای دینار کەمێک بەرزبووەوە و 100 دۆلار بووە 159 هەزار و 250 دینار.



