رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ لە کۆگاکانی سووتەمەنی لە هەولێر نرخی لیترێک بەنزین بۆ 1450 دینار بەرزبووەوە، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ لیترێک 120 دینار دابەزیوە و زیاتریش دادەبەزێت.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانیی کۆمپانیای کار 1330 دینار بوو، لەکاتێکدا دوێنێ گەیشتە 1450 دینار."
ئەمڕۆ لە بەشێکی بەنزینخانەکانی هەولێر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 1550 دینارە. سەرباز کەریم گوتی: "دوێنێ دەنگۆی هێرشی حکومەتی عێراق لە پارێزگای بابل هەبوو، ئەوە هۆکاری شڵەژانی بازاڕی سووتەمەنی بوو، دەنا هیچ دۆخێکی دیکە نییە و رۆژانی داهاتوو نرخەکە زیاتر دادەبەزێت و نرخ لە بەنزینخانەکانیش دادەبەزێت."
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوامیی دابەشکردنی بەنزینی حکومی لیتری بە 750 دینار کە ئەمڕۆش لە 35 بەنزیخانە دابەش دەکرێ، هۆکار دەبێت بۆ دابەزینی زیاتری نرخی بەنزینی بازرگانی.
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزین جێگیرە و لیتری بە 1150 دینارە و دۆخەکە ئاساییە."
لە هەڵەبجە نرخی بەنزین هاوشێوەی سلێمانییە، هەروەها سەرچاوەی بەنزینی دهۆک پارێزگای هەولێرە و نرخیان لە یەکەوە نزیکە.


.jpg&w=3840&q=75)
