رووداو دیجیتاڵ
نرخی یۆرۆ بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 17 مانگی رابردوودا دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەسەر ناسەقامگیریی سیاسی لە ئەورووپا و بە تایبەتی دۆخی خراپی دارایی لە فەرەنسا.
یۆرۆ درێژەی بە دابەزینەکانی چوار هەفتەی رابردووی خۆی داوە و و ئێستا یەک یۆرۆ بە نزیکەی 1.1161 دۆلاری ئەمریکی مامەڵەی پێودەکرێت کە نزمترین ئاستیەتی لە دوای مانگی ئایاری 2025ـەوە تۆماری کردبێت.
قەواڵە داراییەکانی حکومەتی فەرەنسا رووبەڕووی گوشارێکی تووندی فرۆشتن بووەتەوە و ئەوەش زیانی لە بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار داوە.
وەبەرهێنەران نیگەرانن لەوەی هەڵکشانی قەرزەکانی فەرەنسا و ئەگەری چەقبەستنی سیاسی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی داهاتوو لەو وڵاتەدا، مەترسییە داراییەکان لە سەرانسەری ناوچەی یۆرۆدا قووڵتر بکاتەوە.
لە هەمان کات دا، خواستی خۆپارێزی و بەرز مانەوەی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمریکا بوونە هۆی پاڵپشتیکردنی دۆلار، بەجۆرێک پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی، کە بەهای دراوەکە بەرامبەر بە سەبەتەی شەش دراوی سەرەکیی جیهان دەپێوێت، رۆژی دووشەممە بە رێژەی 0.47% بەرزبووەوە و گەیشتە 102.37 خاڵ.


