رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە یەک دۆلار بەرامبەر بە 263 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت و نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ دوو هەزار تمەن دابەزیوە.
دوێنێ چوارشەممەش لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخی دۆلار بە 265 هەزار تمەن دەستی بە مامەڵەکان کرد، لە دەستپێکی بازاڕدا دراوی ئەمریکی زیاتر لە دوو هەزار تمەن دابەزی.
بەوپێیەش تەنیا لە ماوەی دوو رۆژدا نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن پێنج هەزار تمەن دابەزیوە. ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نرخی دۆلار چەند جارێک ئاستی 270 هەزار تمەنی تاقیکردبووەوە. لەبەر ئەوە، پاشەکشەی ئەمڕۆ دەکرێت وەک راستکردنەوەی بەشێک لە بەرزبوونەوەکانی ئەم دواییەی نرخەکەی لێکبدرێتەوە.
بە بۆچوونی چاودێران، نزیکبوونەوەی دۆلار لە سنووری 270 هەزار تمەن لە رۆژانی رابردوودا، بەشێک لە بازرگانانی هانداوە دەست بە فرۆشتنی بکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی قازانج. هاوکات سیاسەتی بانکی ناوەندی بۆ زیادکردنی خستنەڕووی دراو، گوشاری فرۆشتنی لە بازاڕدا زیاتر کردووە.
بازاڕ هێشتا لە مەترسییە سیاسییەکان رزگاری نەبووە
لە رووی سیاسییەوە، دۆخەکە بۆ بازاڕی دراو بە ئاڵۆزی ماوەتەوە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. لە بەرامبەردا تارانیش پێداگری لەسەر مەرجەکانی خۆی بۆ دانوستاندن دەکات. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئێران بە رۆیتەرزی راگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەمریکادا لە ئارادا نییە و پێویستە سەرەتا واشنتن مەرجەکانی تاران قبووڵ بکات.
ئەم هەڵوێستانە دەریدەخەن کە هەرچەندە بژاردەی دیپلۆماسی بە تەواوی کۆتایی پێ نەهاتووە، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەکی روون لە ئارادا نییە کە بازاڕ بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو کەمبوونەوەی مەترسییەکان هان بدات. بۆیە لە کورتخایەندا، هەواڵە سیاسییەکان وەک هۆکارێکی سەرەکی دیاریکردنی ئاراستەی نرخی دۆلار دەمێننەوە.
پێشبینیی نرخی دۆلار
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەدەن، ئەگەر نرخی دۆلار لە سنووری 263 هەزار تمەندا جێگیر بێت، ئەگەری مانەوە و جێگیربوونی لە نێوان 263 بۆ 266 هەزار تمەن زیاتر دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی بازاڕ ئاماژەیەکی نوێ لە هەواڵە سیاسییەکان یان لە رێژەی خستنەڕووی دراوەوە پێدەگات.
لە ئەگەری بەرزبوونەوەدا: گەڕانەوەی دۆلار بۆ سەرووی 266 هەزار تمەن و بەهێزبوونی خواست، دەکرێت نرخەکەی جارێکی دیکە بۆ نێوان 268 بۆ 270 هەزار تمەن بەرزبکاتەوە؛ هەروەها تێپەڕاندن و جێگیربوون لە سەرووی 270 هەزار تمەنیش، رێگە خۆشدەکات بۆ جووڵە بەرەو ئاستی 272 تاوەکو 275 هەزار تمەن.
لە ئەگەری دابەزیندا: لەدەستدانی ئاستی 263 هەزار تمەن دەکرێت پاشەکشەی نرخەکە قووڵتر بکاتەوە، لەم حاڵەتەدا، ئاستی 260 بۆ 262 هەزار تمەن دەبێتە پاڵپشتیی دواتری بازاڕ، ئەم ئەگەرەش لە رێگەی زیادکردنی خستنەڕووی دراو یان بڵاوبوونەوەی هەواڵە ئەرێنییە سیاسییەکانەوە بەهێزتر دەبێت.

.jpg&w=3840&q=75)
