رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای گرژییەکان و داخرانی بەشێک لە رێڕەوە ئاوییەکان بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، کۆمپانیای نێودەوڵەتیی (دی ئێچ ئێڵ گلۆباڵ) باس لە گەیاندنی بار و کەلوپەلەکان بۆ عێراق و ناوچەکە دەکات لە رێگەی دۆزینەوەی رێڕۆی جێگرەوە.
سامیر قەیسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی کەنداوی کۆمپانیاکە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتی بەشی ئینتەیکی رووداو رایگەیاند: "نەبوونی رێڕۆی ئاویی راستەوخۆ ماوەی گەیشتنی بارەکانی لە چینەوە بۆ عێراق لە 22 رۆژەوە بۆ 40 تاوەکو 70 رۆژ درێژکردووەتەوە"، لەگەڵ ئەوەیشدا کۆمپانیاکە بەردەوامە لە وەبەرهێنان و فراوانکردنی ژێرخانی خۆی لە هەولێر، بەغدا، بەسرە و کردنەوەی نووسینگەی نوێ لە کەرکووک.
داخرانی تەنگەی هورمز و رێگەکانی گەیشتنی بار بۆ عێراق
بە گوتەی سامیر قەیسی، جەنگ و ئاڵۆزییەکان بوونەتە هۆی گۆڕینی ئاراستەی سەرجەم بارەکان بەهۆی نەبوونی رێڕۆ ئاوییە ئاساییەکان و کەمبوونەوەی توانای فڕینی ئاسمانی.
لە کاتێکدا لە دۆخی ئاساییدا گواستنەوەی دەریایی لە چینەوە بۆ بەندەرەکانی عێراق تەنیا 22 رۆژی دەخایاند، داخرانی تەنگەی هورمز کۆمپانیاکەی ناچار کردووە رێگەی دیکە بگرێتەبەر، لەوانە گواستنەوە بۆ بەندەرەکانی عومان، بەندەرەکانی ئیمارات، یان لە رێگەی بابولمەندەبەوە بەرەو بەندەری جەدە لە کەناراوەکانی رۆژئاوای سعودیە و پاشان گواستنەوەیان بە بارهەڵگر لە وشکانییەوە بۆ نێو عێراق.
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئەمەش وایکردووە کاتی گەیشتن 40، 60 بۆ 70 رۆژ بخایەنێت؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رێڕۆی دیکەی وەک ئوردن و تورکیا بەکاردەهێندرێن، بەڵام سووریا تاوەکو ئێستا لەنێو لیستی بژارەکاندا نییە.
ناجێگیریی نرخ و بەستنەوەی سووتەمەنی بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخ بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگ لە شوباتی 2026، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی کەنداوی دی ئێچ ئێڵ روونیکردەوە کە ناتوانرێ رێژەیەکی دیاریکراو (وەک 20% یان 30%) بۆ هەموو بارەکان دابنرێ، چونکە تێچوو بەندە بە دووریی رێگەکە، شێوازی گواستنەوە و ناجێگیریی نرخی سووتەمەنی و بیمەوە.
قەیسی گوتی، دی ئێچ ئێڵ خاوەنی میکانیزمێکی بریکاریی روونە بۆ دیاریکردنی تێچووی سووتەمەنی کە بە نەوتی برێنت و خاوەوە بەستراوەتەوە و لە تەواوی پیشەسازییەکەدا چەسپاوە و لە گرێبەستەکاندا لەگەڵ کڕیاران و دابینکەراندا جێگیر کراوە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە، تێچووی سووتەمەنی تەنیا بەشێک لە نرخی گواستنەوە پێکدەهێنێت. بۆ نموونە، نزیکەی 5% بۆ گواستنەوەی دەریایی، 10% بۆ ئاسمانی و 8% بۆ شێوازی فرەجۆر (تێکەڵاو).
ژووری ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنی قەیران
دی ئێچ ئێڵ لە رێگەی چالاککردنی پلانەکانی بەردەوامیی کار و پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنەوە رووبەڕووی قەیرانەکە بووەتەوە. ئەم ژوورە لە تیمەکانی سەلامەتی، ئۆپەراسیۆن، نرخ، دابینکردن، بازرگانی و کارگێڕی پێکدێ.
سامی قەیسی ئاماژەی بەوەش کرد، کڕینی خزمەتگوزارییەکان لە رێگەی بەڵێندەری لاوەکیی پەسندکراوەوە ئەنجام دەدرێ کە پرۆسەی پشکنینیان زۆر تووندە و پابەندبوونیان بە سزاکان و ستانداردەکان تێدا لەبەرچاو دەگیرێ.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی کۆمپانیاکە لە کەنداو ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکە شەفافیەتی تەواوی لەگەڵ کڕیاراندا پەیڕەو کردووە بۆ پێدانی زانیاری لەسەر گۆڕانکارییەکانی سنوور، کاتی گەشتەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکان.
داخرانی کایەی ئاسمانی و هێڵە فریاگوزارییەکان بۆ عێراق
لە وەڵامی پرسیاری راگرتنی خزمەتگوزارییەکان، قەیسی دووپاتی کردەوە کە کۆمپانیاکە هیچ خزمەتگوزارییەکی رانەگرتووە بەبێ دۆزینەوەی جێگرەوە.
ئەو بەرپرسە گوتی، لە کاتێکدا کایەی ئاسمانی دادەخرا و فڕۆکەکانی کۆمپانیاکە نەیاندەتوانی راستەوخۆ بفڕنە عێراق، کوێت و بەحرێن، باری فڕۆکەکان لە مەسقەت و ریاز دادەگیرا و لەوێوە بە بارهەڵگر دەگەیێندرایە عێراق. لەبارەی تێچووی بیمەشەوە، پشتڕاستی کردەوە کە بەهۆی مەترسییەکانەوە تێچووی بیمەی کەشتی و بارەکان بە رێژەی 100% زیادی کردووە، هەرچەندە بەپێی شێوازی گواستنەوە (دەریایی، وشکانی یان کۆگا) قەبارەکەی دەگۆڕدرێ.
سەلامەتیی کارمەندان: هێڵی سووری بەردەم هەموو ئۆپەراسیۆنەکان
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لقی کەنداو جەختی لەوە کردەوە کە سەلامەتیی کارمەندان و شۆفێرانی بارهەڵگر لە سەرووی هەموو دەستکەوتێکەوەیە، بە جۆرێک هەر چارەسەرێک سەلامەتیی مرۆیی بخاتە مەترسییەوە، دەستبەجێ رەت دەکرێتەوە. تیمەکانی تەندروستی، سەلامەتی و ئاسایش لەسەر ئاستی جیهانی، هەرێمی و ناوخۆیی 24 کاژێر لەسەر هێڵن و پشکنین بۆ رێڕەوەکان دەکەن.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لە کاتی هەر مەترسییەکدا، بارەکان لە ناوچە ئارامەکان و لە کۆگاکاندا دەهێڵدرێنەوە تاوەکو رێگەکە بە تەواوی مسۆگەر دەبێت. قەیسی دەستخۆشی لە دەسەڵاتدارانی ناوچەکەش کرد کە لە رێگەی هاوئاهەنگیی بەردەوامی فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان، سنوورەکان و گومرگ، ئاسانکاریی زۆریان بۆ هێشتنەوەی هێڵەکانی دابینکردن کردووە.
پلانی دی ئێچ ئێڵ بۆ فراوانبوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە داهاتووی کارەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سامیر قەیسی رایگەیاند کە بە بڕیارێکی جیهانی لە وەبەرهێنان لە ژێرخانەکانیان بەردەوام دەبن. ئێستا کار لەسەر فراوانکردنی ژێرخانی کۆمپانیاکە لە هەرسێ وێستگەی سەرەکی (هەولێر، بەغدا، بەسرە) دەکرێ، هەروەها بەر لە کۆتاییهاتنی ئەم ساڵ نووسینگەیەکی نوێی دی ئێچ ئێڵ لە کەرکووک دەکرێتەوە.
قەیسی ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی وەبەرهێنانیان هاوتەریبە لەگەڵ پێداویستیی کڕیارەکان و گەشەی وڵاتەکە، و ئەزموونی 35 بۆ 40 ساڵەی کۆمپانیاکە لە ناوچەکە هۆکاری سەرەکیی مانەوەیەتی وەک پێشەنگی کەرتی لۆجستی لە بەرامبەر رکابەرەکانیدا.


