رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا ناردنی هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکانی پاشماوەی پاڵاوگەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کارگە و کۆمپانیا و پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان رابگرێت؛ بەرپرسانی ژوورە بازرگانییەکان دەڵێن، بڕیارەکە نرخی بەرهەمی کارگەکان بەرز دەکاتەوە بەتایبەت شیش، چیمەنتۆ و خشت.
بەگوێرەی نووسراوێک کە حوسێن خەرسان، بریکاری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق دوێنێ 23-11-2026 ئاراستەی سەرجەم دەستە و لقەکانی دابەشکردنی کۆمپانیاکەی کردووە، ئاگاداری کردوونەتەوە بە شێوەیەکی کاتی دابینکردنی پشکی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی نەوت رابگرن.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 24-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق ناردنی ئەو سووتەمەنییانە رابگرێ بەتەواوی کە بە نرخی پاڵپشتیکراون، بە دڵنیاییەوە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی بەرهەمیان دەبێت."
ئومێد بەرواری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 23-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بەرهەمانەی نەوت ناردنیان رادەگیرێ ئەوانەن، پاشماوەی پاڵاوگەکانی عێراقن لە نەوتی رەش و پاشماوەی دیکە و دەدرانە ئەو کارگەی قیر و چیمەنتۆ و پاڵاوگە و کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستانن و مۆڵەتی حکومەتی عێراقیان هەیە."
سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "زۆرینەی پاڵاوگە و کارگە گەورەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی عێراقیشیان هەیە و لە وەرگرتنی ئەو سووتەمەنییە بە نرخی پاڵپشتیکراو سوودمەند دەبوون."
گەیلان حاجی سەعید هاوکات سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێرە گوتی: "هەموو ئەو کارگانەی پێویستیان بە سووتەمەنییە نرخی بەرهەمیان بەرز دەبێتەوە، چونکە بەو سووتەمەنییە کار دەکەن کە بە نرخی کەمتر لە بازاڕ بۆیان دابین دەکرا، وەکو کارگەکانی شیش و چیمەنتۆ و هەموو کوورەکان."
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێوە ناردنی نەوتی رەش بۆ هەرێمی کوردستان بۆ پاڵاوگە، کارگەکانی قیر، چیمەنتۆ، خشت و هەموو ئەو کارگانەی پێویستیان بە نەوتی رەشە راگیراوە."
ئارام بابان گوتی: "پێشووتر حکومەتی عێراق نرخی تۆنێک لەو نەوتە رەشەی بە 150 هەزار دینار دەدایە کارگەکانی هەرێمی کوردستان، دواتر بەرز کرایەوە بۆ 350 هەزار دینار و دوێنێ بە فەرمی راگیرا".
لەبارەی کاریگەریی راگرتنەکەوە ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی گوتی: "بێگومان هەموو کارگەکان کاریگەریی لەسەریان دەبێ، چونکە ئێستا لە بازاڕدا دەبێت تۆنێک نەوتی رەش بە 500 هەزار دینار بکڕنەوە، ئەمەش ناچاریان دەکات نرخ بەرز بکەنەوە؛ پێموایە هەر تۆنێک چیمەنتۆ 34 هەزار دینار نرخی بەرز دەبێتەوە؛ هەروەها نرخی شیش بەرز دەبێتەوە".
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە راگرتنی ناردنی نەوتی رەش بۆ ئەو کارگانەی پێشتر بۆیان نێردراوە ئاگادار نەکراونەتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، "ئەو رێکارە کاتییە تاوەکو بەدواداچوون و چاودێریی ئەو کارگە و کۆمپانیایانە دەکەن، کە ئەو بەرهەمە نەوتییانەیان بۆ ناردوون".



