رووداو دیجیتاڵ
دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ لە سلێمانی. فرۆشیاران دەڵێن، هەرچەندە نرخی ئامێرەکان بە دۆلار وەک خۆیەتی، بەڵام لەکاتی گۆڕینەوەی بۆ دینار، نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و ئەمەش سستیی خستووەتە بازاڕەوە.
لە یەکێک لە پێشانگەکانی فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان لە سلێمانی، فرۆشیارێک باس لەوە دەکات کە دابەزاندنی بەهای دینار کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخەکان داناوە.
رەیان بێستوون، فرۆشیارە و دەڵێت، "ئەو کەلوپەلانەی لێرەن هەمووی بە دۆلار دەفرۆشرێن. پێشتر نرخی 100 دۆلار بە 135 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بووە بە 155 هەزار دینار. کۆمپانیاکانیش کە ئامێرەکانمان بۆ دابین دەکەن، نرخەکانیان بەپێی نرخی رۆژ گۆڕیوە".
بە گوتەی ئەو فرۆشیارە، کۆمپانیاکان داوایان لێکردوون کە قەرزە کۆنەکانیشیان بە نرخی نوێی دۆلار بدەنەوە و ئێستا مامەڵەی قەرز نەماوە و دەبێت راستەوخۆ پارە بدەن.
لەگەڵ دەستپێکردنی گۆڕانکاری لە بەهای دیناردا، کۆمپانیاکان بۆ ماوەیەک کەلوپەلیان نەداوەتە فرۆشیاران و چاوەڕێی جێگیربوونی نرخەکانیان کردووە.
زانیار رێبوار، فرۆشیارێکی دیکەیە و دەڵێت، "کۆمپانیاکان رایانگەیاندووە کە لەمەودوا نرخی هەموو ئامێرەکان بەپێی نرخی رۆژی دۆلار دەگۆڕن بۆ دینار. ئەو شوێنانەی پێشتر بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی مامەڵەیان کردووە، ئێستا ناچارن نرخ بەرزبکەنەوە".
لەلایەکی دیکەوە، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەهۆی ئەوەی بازاڕ ئازادە، یاسایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان نییە.
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی دەڵێ، "گۆڕانی بەهای دراو بازرگان ناچار دەکات نرخەکان بگۆڕێت، بەڵام گۆڕانکاریی نرخەکان کەوتووەتە سەر ویژدانی بازرگانەکە. خۆشبەختانە زۆرینەیان بە ویژدانەوە کەلوپەلە کۆنەکانیان بە نرخی کۆن و نوێیەکانیش بە نرخی نوێ دەفرۆشن".
ئەم دۆخە نوێیەی بازاڕ وایکردووە کە فرۆشی ئامێرە کارەباییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێت و سستییەکی زۆر بە بازاڕەکەوە دیار بێت.


