رووداو دیجیتاڵ بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی نرخەکانی دۆلارەوە روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیێنێت، داواکارییەکانی حەواڵە کە پێش 7ی تشرینی یەکەم پێشکێش کراون، بە نرخی پێشوو دۆلاریان پێدەدرێت. بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵەی رەتکردەوە کە لەلایەن ئاژانسێکی هەواڵییەوە بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی نادیار بڵاوکرابووەوە و تێیدا هاتبوو، "بانکەکە بڕی 600 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە، چونکە پشتی بە نرخی پێشووی دۆلار (1320 دینار) نەبەستووە و داوای کردووە بە نرخی ئێستا (1520 دینار) مامەڵە بکرێت." بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی کە پێش رێککەوتی 7ی تشرینی یەکەمی 2026 پێشکێشی بانکەکان کراون، بە نرخی پێشووی دۆلار و بەبێ هیچ تێچوویەکی زیادە جێبەجێ دەکرێن و دەستیشکراوە بە وەرگرتن و جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە. بانکەکە، ئەوەشی خستەڕوو کە سەرجەم کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی بەپێی نرخی فەرمی کاردەکەن بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە دەرەوەی وڵات. بانکی ناوەندیی عێراق، داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات، پابەندی نووسراوی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن بن، کە داوا دەکات "وردی لە بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێکدا هەبێت کە پەیوەندی بە نرخی دراو، بازاڕەکان و مووچەوە هەیە و پێش بڵاوکردنەوە، لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە پشتڕاستبکرێتەوە." هاوکات هۆشداری دا، بەپێچەوانەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر لایەنێک دەگرێتەبەر کە دەنگۆ و هەواڵی چەواشەکارانە بڵاودەکاتەوە. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 6ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لە دوێنێ چوارشەممەوە کاری پێدەکرێت. نرخە نوێیەکان بەمشێوەیەن: نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک. نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک. نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک. پێشتر نرخەکان بەمشێوەیە بوون: نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک. نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1310 دینار بۆ هەر دۆلارێک. نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک.