رووداو دیجیتاڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و گرانبوونی کەرەستەکانی بیناسازی، وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە بەغدا نەتوانن خانووەکانیان تەواو بکەن. ماهر، یەکێکە لەو کەسانەی کە بە ناچاری دەرگای خانووە نیوەچڵەکەیدا قوفڵ دەکات و بەجێی دەهێڵێت، چونکە ناتوانێت لەگەڵ گرانیی بازاڕدا بڕوات. ماهر، باوکی ئادەم، کە خاوەنی خانووەکەیە، دەڵێت، "کارەکانمان راگرت بەهۆی دۆخی داراییەوە. دۆلار گران بووە، کەرەستەکانیش گران بوون. شیش، کەرپووچ و چیمەنتۆ هەمووی گران بووە. بەشێکیان بەرهەمی عێراقین، بەڵام خاوەن کارگەکان دەڵێن گاز نییە و شیش بە گران لەسەریان دەکەوێت." لە بازاڕدا نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە؛ نرخی یەک تۆن شیش لە 950 هەزار دینارەوە بۆ ملیۆنێک و 75 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. نرخی یەک بلۆک لە 750 دینارەوە گەیشتووەتە 1,250 دینار و نرخی سێ هەزار کەرپووچیش لە 650 هەزار دینارەوە بۆ ملیۆنێک و 250 هەزار دینار هەڵکشاوە. تاهیر فلەیح، شیشفرۆشێکە و باس لە سستبوونی بازاڕ دەکات و دەڵێت، "پێشتر تۆنێک شیش بە 950 یان 945 هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە 1,075,000 دینار، بەڵام فرۆشی نییە و کرێکارەکانمان لەسەر کەڵەکە دەبن." لە گەڕەکی عامریەی دووەمە لە بەغدا. زۆربەی ئەو خانووانەی کە بە ناتەواوی ماونەتەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە نرخی کەرەستەی بیناسازی زۆر بەرزبووەتەوە. خاوەنەکانیان چاوەڕێ دەکەن نرخەکان دابەزن یان لە ئاستێکدا جێگیر بن، ئینجا دەست بە تەواوکردنی خانووەکانیان بکەنەوە.