رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد و بەرەو یەکەمین دابەزینی خۆی لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا هەنگاو دەنێت. ئەمەش لە کاتێکدایە بازرگانان لە لایەک هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی خستنەڕووی نەوت بەهۆی هێرشەکانی سەر سعودیە دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە چاوەڕوانی گەیشتنی بڕی زیاتری گازوایلن لە رووسیاوە.
ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نەوتی خاوی برێنت 1.30 دۆلار یان بە رێژەی 1.2% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 105.35 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا 1.25 دۆلار، یان بە رێژەی 1.3% دابەزی و گەیشتە 92.49 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مامەڵەکانی دوێنێدا هەردوو پێوەرە سەرەکییەکە بە بڕی نزیکەی دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوونەوە و نەوتی برێنت لە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای 15ـی ئەیلوولەوە داخرابوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا رازی بووە گازوایل هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات و، ئیدارەکەشی بە شێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر سووتەمەنیی رووسیای هەڵگرتووە کە پێشتر بە مەبەستی بێبەشکردنی مۆسکۆ لە داهاتی جەنگی ئۆکراینا سەپێنرابوون. خستنەڕووی ئەم بڕە سووتەمەنییە نوێیە دەتوانێت تەنگژەی بازاڕەکانی سووتەمەنی لە جیهاندا کەم بکاتەوە، ئەوەش تا رادەیەک نیگەرانییەکانی لەبارەی خستنەڕوو کەمکردووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، شرۆڤەکارانی بانکی (ING) لە یاداشتێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، "گومانێکی زۆر لەبارەی ئاگربەستی کەرتی وزە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەیە، بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان لەبارەی ئەوەی کە رووسیا لە دوای راگەیێندراوەکەی ترەمپەوە هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکراینا."
هاوکات لە ئەمریکاش ئەندامانی کۆنگریس سەر بە هەردوو پارت ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەوەی رێککەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ پووتین، پێچەوانەی ئەو یاسایەی ئەمریکایە کە هاوردەکردنی وزەی رووسیا قەدەخە دەکات تا ئەو کاتەی مۆسکۆ کۆتایی بە جەنگ لە دژی ئۆکراینا دەهێنێت.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری سەر بە دامەزراوەی (KCM Trade) رایگەیاند، "گەیشتنی گازوایلی نوێ لە رووسیاوە و سەقامگیربوونی هەناردەی نەوتی سعودیە، کەمێک ئارامییان بە بازاڕ بەخشیوە، بەڵام هێشتا بازاڕ زیاتر نیگەرانی مەترسیی لێدانی کەشتییەکان یان بۆرییە نەوتییەکانە لە کەنداو، نەک دڵنیابوون بەو بەرمیلە نەوتە زیادانەی دەخرێنەڕوو. تا ئەو کاتەی نیشانەی روونتر لە کەمبوونەوەی گرژییەکان نەبینین، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکان هێشتا لەپێشترە."
هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رایانگەیاندووە، تێچووی گواستنەوە و بیمەی دەریایی بۆ ئاستێکی بێوێنە بەرزبووەتەوە کە زیاتر لە 30٪ـی بەهای خودی نەوتەکە پێکدەهێنێت، ئەوەش ئاستەنگی گەورەی لەبەردەم گواستنەوەی کارای نەوتی خاو دروستکردووە. لە هەمان کاتدا هەیسەم ئەلغەیس، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپێک رۆژی دووشەممە رایگەیاند، رێکخراوەکە پێشبینییەکانی خۆی بۆ گەشەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت لەمساڵدا لە 1.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ 400 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

