رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای کاریگەریی بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی 2023، هەناردەی 10 پارێزگا لە کۆی 11 پارێزگای زیانلێکەوتوو لە 9 مانگی ئەم ساڵدا زیادیکردووە. دیلۆک پێشەنگە و خارپیت زۆرترین گەشەی بازرگانی تۆمارکردووە.
بەگوێرەی داتای ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، ئەو 11 پارێزگایە (مەرەش، ئەدەنە، سەمسوور، خارپیت، دیلۆک، هاتای، کلیس، مەڵەتی، عوسمانیە، رووها و ئامەد) کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە زیانیان بەرکەوت، لە بووژانەوەی بازرگانیدا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە.
کۆی گشتیی هەناردەی ئەو 11 پارێزگایە، لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بە رێژەی 10% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 15 ملیار و 633 ملیۆن دۆلار.
لەنێو ئەم پارێزگایانەدا، دیلۆک پێشەنگی هەناردەکاران بووە و ئامەد تاکە پارێزگا بووە کە هەناردەکەی کەمیکردووە.
هەناردەی ئەم 11 پارێزگایە لە هەمان 9 مانگی ساڵی 2025دا 14 ملیار و 211 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە هەمان ماوەی ساڵی 2026دا بە رێژەی 10% بەرزبووەتەوە و گەیشتوەتە 15 ملیار و 633 ملیۆن دۆلار.
دیلۆک پێشەنگی هەناردەیە
لەنێو ئەو پارێزگایانەی لە ژێر کاریگەری بوومەلەرزەکاندا بوون، پارێزگای دیلۆک زۆرترین هەناردەی هەبووە. هەناردەی پارێزگاکە لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا بە رێژەی 8% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 7 ملیار و 989 ملیۆن دۆلار.
دوای دیلۆک، هاتای بە 2 ملیار و 708 ملیۆن دۆلار (بەرزبوونەوەی 6.1%) و ئەدەنە بە 2 ملیار و 515 ملیۆن دۆلار (بەرزبوونەوەی 14.2%) لە پلەکانی دووەم و سێیەمدا دێن.
هەناردەی مەرەش، کە چەقی بوومەلەرزەکان بوو، بە رێژەی 1.8% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 970 ملیۆن دۆلار.
خارپیت زۆرترین گەشەی تۆمارکردووە
خارپیت لەنێو پارێزگا زیانلێکەوتووەکاندا زۆرترین رێژەی گەشەی لە هەناردەدا تۆمارکردووە. هەناردەی پارێزگاکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 193.3% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 386 ملیۆن و 835 هەزار دۆلار.
ئامەد تاکە پارێزگایە کە هەناردەی کەمیکردووە
لە 9 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، ئامەد تاکە پارێزگا بووە لەنێو پارێزگا زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەدا کە هەناردەکەی کەمیکردووە. هەناردەی پارێزگاکە بە رێژەی 19.2% دابەزیوە و گەیشتووەتە 169 ملیۆن و 987 هەزار دۆلار.
هەناردەی پارێزگاکانی دیکە:
• رووها: 292 ملیۆن دۆلار (بەرزبوونەوەی 18.5%)
• مەڵەتی: 250 ملیۆن دۆلار (بەرزبوونەوەی 1.6%)
• عوسمانیە: 167 ملیۆن دۆلار (بەرزبوونەوەی 48.9%)
• کلیس: 108 ملیۆن دۆلار (بەرزبوونەوەی 13.6%)
• سەمسوور: 72 ملیۆن دۆلار (بەرزبوونەوەی 19.4%)
رۆژی 6ی شوباتی 2023 لە 9 کاژێردا دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلە لە سنووری پارێزگای مەرەش روویاندا. بوومەلەرزەی یەکەم 65 چرکەی خایاند و زیانێکی وێرانکەری گەورەی لێکەوتەوە. بوومەلەرزەی دووەم بووە هۆی رووخانی تەواوەتیی هەزاران باڵەخانە کە لە بوومەلەرزەی یەکەمدا زیانیان بەرکەوتبوو.
بەپێی راگەیێندراوە فەرمییەکان، لە سەرتاسەری تورکیا 53 هەزار و 537 کەس گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار و 213 هاووڵاتیش بریندار بوون. زۆرترین زیانی گیانی و قورسترین وێرانکاری لە پارێزگاکانی هاتای، مەرەش، سەمسوور و مەڵەتی روویاندا.
لە ناوچەکەدا زیاتر لە 40 هەزار باڵەخانە بە تەواوەتی رووخان و زیاتر لە 200 هەزار باڵەخانەی دیکەش زیانی قورسیان بەرکەوت.
بەپێی داتاکانی سەرۆکایەتیی ستراتیژی و بودجەی تورکیا، تێچووی راستەوخۆی بوومەلەرزەکە لەسەر ئابووریی تورکیا بە نزیکەی 2 تریلیۆن لیرەی تورکی (زیاتر لە 100 ملیار دۆلار) خەمڵێندرا.


