رووداو دیجیتاڵ
لەکاتی بەشداریکردنی لە هەشتەمین لووتکەی کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری گاز لە مۆسکۆ، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی" دژی وڵاتەکەی، ئاسایشی وزە و ئابووریی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە.
لە گوتەکەیدا کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و سەرۆکی شاندە بەشداربووەکان ئامادە بوون؛ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران و تێکدانی پرۆسەی گواستنەوەی وزە، "یەکێک بووە لە رووداوە مەترسیدارەکان دژی ئاسایشی جیهان."
پزیشکیان لەو بارەیەوە گوتیشی، "دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دوو قۆناخدا و لە نێوەڕاستی دانوستاندنە سیاسییەکان، یەکێک بوو لە رووداوە مەترسیدارەکان دژی ئاسایشی جیهان، کە بە وێرانکردنی دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەمان و تێکدانی پرۆسەی گواستنەوەی وزە، ئاسایشی وزە و ئابووریی جیهانی خستە مەترسییەوە."
سەرۆککۆماری ئێران هەروەها رایگەیاند، "سەپاندنی سزای تاکلایەنە بەسەر وڵاتان و تیرۆریزمی ئابووری لە چوارچێوەی گەمارۆی دەریایی و ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە بۆ پابەندبوون بەم گەمارۆیە، لەو هەنگاوە نایاساییانەیە کە سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی رووبەڕووی مەترسیی جیدی کردووەتەوە و پێویستە لەلایەن بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی وزەی جیهانەوە سەرکۆنە بکرێ و بە شێوەیەکی کاریگەر رووبەڕووی ببینەوە."
پزیشکیان رایگەیاند، "ئەمڕۆ، دەستوەردانە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو، تەنیا کاریگەریی لەسەر لایەنە هەرێمییەکان نییە، بەڵکو بە دروستکردنی شۆکی جیدی، پرۆسەی دیاریکردنی نرخ، دابینکردن و گواستنەوەی وزە تێکدەدات و گەشەی ئابووری لە جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە."
سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی، وڵاتەکەی وەک دووەم گەورەترین خاوەنی یەدەگی گازی جیهان، ئامادەیە رۆڵێکی چالاکتر بگێڕێ و داوای لە وەبەرهێنەرانی بیانی کرد "بەبێ نیگەرانی" لە کەرتی نەوت و گازی ئێران دا وەبەرهێنان بکەن.
پزیشیکان ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەڕای سەپاندنی سزای تاکلایەنە بۆ چەندین ساڵ، توانیومانە بە پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی، توانای بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی ئێران بەرز بکەینەوە بۆ 300 ملیار مەتر سێجا و هێشتا پلەی سێیەمی گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سرووشتیی جیهان بپارێزین."
سەبارەت بەوەی پەیوەندیی بە دابینکردنی گازەوە هەیە بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی، پزیشکیان رایگەیاند، "ئێستا 95%ی دانیشتووانی ئێران لەنێو تۆڕی سەرتاسەریی گازی سرووشتی دابینکراودان بۆیان."



.jpg&w=3840&q=75)
