رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە 11 پارێزگای وڵاتەکە کە کرماشان، ورمێ و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە نێویاندایە و رایدەگەیێنێت، بەهۆی تەنگژەی تووندی کەمیی گازەوە، زستانێکی یەکجار سەخت و پڕ لە ئاڵنگاری چاوەڕێی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکات.
بەرپرسانی باڵای کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران ئاشکرایان کردووە کە ئێستا کەرتی وزەی وڵاتەکە رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورەی گازی سروشتی بووەتەوە لە رۆژێکدا. ئەم کێشەیەش بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسیی جیدی لەسەر دابەزینی پەستانی گاز و تەنانەت پچڕانی یەکجاری لە کاتی سەرما و سۆڵەی زستاندا.
رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، سەعید تەوەکولی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران ئاماژە بە قووڵتربوونی کێشەی کەمیی گاز لەو وڵاتە کرد و رایگەیاند، "بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما، قەبارەی بەکارھێنانی گازی ماڵان، شوێنە بازرگانی و پیشەسازییە بچووکەکان لە پێنج رۆژی رابردوودا نزیکەی 70 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە، کە دەکاتە نزیکەی 30٪ی کۆی گشتیی بەکارهێنانی گازی ئەو کەرتانە لە رۆژێکدا."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران، لە جەنگی 40 رۆژەدا بەشێکی ژێرخانەکانی گاز و وزەی ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەوتووە و ئێران 230 ملیۆن مەتر سێجا لە توانای بەرهەمهێنانی گازی لەدەستداوە، ئەوەش جگە لەوەی کە بەر لە جەنگیش کێشەی کەمیی گاز لە وڵاتەکەدا هەبوو.
کورتهێنانی گاز گەیشتووەتە 530 ملیۆن مەتر سێجا
سەعید تەوەکولی دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کێڵگە گازییەکان و پاڵاوگە بۆردوومانکراوەکان، بۆ گەڕاندنەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا گازی لەدەستچوو بەردەوامن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لەبارەی سەرهەڵدانی تەنگژەیەکی گەورەی گاز لە وڵاتەکەی هۆشداری دا و رایگەیاند، ئێران بەر لە جەنگ رۆژانە 300 ملیۆن مەتر سێجا کەمیی گازی هەبوو، لە جەنگیشدا 230 ملیۆن مەتر سێجا توانای بەرهەمهێنانی لەدەستداوە، بۆیە ئێستا کۆی گشتیی کورتهێنانی گاز گەیشتووەتە نزیکەی 530 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران هەروەها هۆشداری دەدات، 11 پارێزگای وڵاتەکە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا رووبەڕووی تەنگژەی کەمیی گاز دەبنەوە.
سەعید تەوەکولی دەڵێت، "سێ پارێزگای باکوور؛ مازەندەران، خۆراسانی باکوور و گوڵستان بەهۆی پێگەی جوگرافی، دۆخی تۆڕەکانی گاز و سنوورداربوونی دابینکردنی گاز لە دۆخێکی خراپتردان و مەترسیی زیاتریان لەسەرە."
بە گوتەی تەوەکولی: ورمێ، سنە و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە نێو ئەو 11 پارێزگایەدان کە ئەگەری ئەوە هەیە لە وەرزی زستاندا رووبەڕووی تەنگژەی گاز ببنەوە.
بەپێی راپۆرتەکان، بەهۆی ئەوەی ئەم ناوچانە لە کۆتایی هێڵەکانی گواستنەوەی گازی نیشتمانیدان، زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە دەکەونە ژێر کاریگەریی دابەزینی پەستانی گازەوە.
پارێزگاکانی، تەورێز، ئەردەبیل، زەنجان، گیلان و خۆراسانی رەزەویش لە نێو ئەو پارێزگایانەدان کە هۆشداری دراوە، رووبەڕووی تەنگژەیەکی سەختی گاز دەبنەوە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نیشتمانیی گازی ئێران بۆ رێگریکردن لە پچڕانی گازی ماڵان داوای هاوکاری لە هاووڵاتییان کرد و رایگەیاند، ئەگەر هاوبەشانی گازی ماڵان تەنیا یەک پلەی گەرمیی ناو ماڵەکانیان کەم بکەنەوە، رۆژانە 25 ملیۆن مەتر سێجا گاز پاشەکەوت دەبێت، و ئەگەر دوو پلە کەم بکەنەوە ئەوا 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ تۆڕی نیشتمانی دەگەڕێتەوە.
سەعید تەوەکولی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا قەبارەی بەرهەمهێنانی گاز لە ئێران بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگەوە تووشی دابەزینی زۆر هاتووە و پیشەسازییەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە بۆ دۆخێکی سەختتر ئامادە بن.
تەوەکولی گوتی: "پێویستە سەرجەم کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان لە ئێستاوە بەپەلە بیر لە دابینکردنی سووتەمەنیی دووەم وەک نەوتی سپی و مازوت بکەنەوە بۆ ئەوەی رێگری لە پەککەوتنی کەرتی ئابووری بگیرێت."
هاوکات داوا لە هاووڵاتییانیش کراوە کە هاوکار بن و بە شێوەیەکی بەرچاو بەکاربردنی گاز کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بە سەلامەتی ئەم تەنگژەیە تێپەڕێنرێت.
رۆژی 25ی تشرینی یەکەم، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش باسی تەنگژەی کەمیی گاز کرد و رایگەیاند، دۆخی ئەم ساڵ زۆر جیاوازترە لە ساڵانی رابردوو و لە وەرزی زستاندا و بۆ دابینکردنی گازی هەموو پارێزگاکان، رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی سەخت دەبنەوە.
قالیباف گوتی: "تێپەڕاندن و دەربازبوون لە زستانی ئەم ساڵ، پێویستی بە هەڵمەتێکی نیشتمانی هەیە بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز." داواشی لە هاووڵاتییان و هەموو دامودەزگەکان کرد، لانیکەم 10٪ بەکارهێنانی گاز کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی تەنگژەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی ئێران، لە ساڵی 2025دا قەبارەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لەو وڵاتە لە رۆژێکدا ملیارێک و 121 ملیۆن مەتر سێجا بووە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)