رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرەتای مامەڵەکاندا لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک لەبارەی هێرشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قیشم کە نیگەرانییەکانی لەبارەی پەرەسەندنی جەنگە 9 مانگییەکە و پەککەوتنی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر کردووە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 48 سەنت، یان بەڕێژەی 0.5% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 105.25 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 47 سەنت، یان بەڕێژەی 0.5% بەرزبووەوە بۆ 96.93 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم بەرزبوونەوەیەش دوای ئەوە دێت، لە مامەڵەکانی رۆژی دووشەممەدا نەوتی برێنت 8.66 دۆلار یان بەڕێژەی 7.63% دابەزی بۆ نزیکەی 104.77 دۆلار.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دوورگەی قیشم لە تەنگەی هورمز. بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان هێرشەکانیان وەک بەرگری لەخۆکردن ناوبردووە، بە ئامانجی رێگریکردن لەوەی ئێران دەستی کراوە بێت بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەکەدا.
تیم واتەرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەم هەواڵە جارێکی دیکە مەترسی بۆ سەر بازاڕی نەوت گەڕاندەوە، رێک لەو کاتەی بازاڕەکان گرنگییان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەدا."
.jpg&w=3840&q=75)

