رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین ئامارەکانی پڕۆژەی 'هەژماری من'، زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە مووچە وەردەگرن، بەشێک لە فەرمانبەرانیش ماوەی بەکارهێنانی کارتەکانیان بەسەرچووە؛ یەکێک لە بانکە بەشداربووەکانی پڕۆژەکەش رایدەگەیێنێت، نوێکردنەوەی کارتەکە تەنیا پێنج هەزار دینار رسووماتی تێدەچێت.
بانکی بازرگانیی هەرێم (ئاڕتی بانک) کە نزیکەی 300 هەزار مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە رێگەیەوە مانگانە مووچە وەردەگرن، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر ماوەی کارپێکردنی کارتەکان سێ ساڵ بوو، بەڵام ئێستا کراوەتە پێنج ساڵ. بەشێکی زۆر لەو کارتانەی بەسەردەچن، بانک خۆی پێشوەختە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نوێیان دەکاتەوە."
ئاڕتی بانک ئاماژەی بەوە کرد، هەر مووچەخۆرێک کارتەکەی بەسەربچێت، لە رێگەی کورتەنامەی وەتسئەپەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە کارتە نوێیەکەی ئامادەیە و دەتوانێت سەردانی لقەکانی بانک بکات بۆ وەرگرتنەوەی.
بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکە پێویستە ئەم بەڵگەنامانە پێشکەش بکرێن: کارتی نیشتمانی (یاخود ناسنامەی باری شارستانی)، کارتە بانکییە کۆن و بەسەرچووەکەو پێدانی بڕی 5 هەزار دینار وەک رسووماتی فەرمیی نوێکردنەوە.
بانکەکە ئەوەشی خستەڕوو کە رێککەوتی بەسەرچوون لەسەر رووی پێشەوەی سەرجەم کارتەکان دیاریکراوە؛ هاوکات ئەو مووچەخۆرانەشی پێش بەسەرچوونی وادەکەیان بەهۆی شکان، سووتان یان لەکارکەوتنەوە کێشە بۆ کارتەکانیان دروستدەبێت، دەتوانن بە هەمان رێکار سەردانی بانک بکەن بۆ دەرهێنانەوەی کارتی نوێ.
ئاماری مووچەخۆرانی 'هەژماری من' بەپێی پارێزگاکان:
بەپێی دوایین داتاکانی پڕۆژەی هەژماری من، تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 16 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) مووچە وەردەگرن، کە بەمشێوەیە دابەشبوون:
پارێزگای هەولێر: 422 هەزار مووچەخۆر
پارێزگای سلێمانی: 372 هەزار مووچەخۆر
پارێزگای دهۆک: 197 هەزار مووچەخۆر
پارێزگای هەڵەبجە: 25 هەزار مووچەخۆر


.jpg&w=3840&q=75)