رووداو دیجیتاڵ
رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027ی عێراق ئەو باجانەی دیاریکردووە کە لە ساڵی داهاتوودا کاریان پێدەکرێت، لەوانە باج لەسەر ماڵپەڕ و ئاژانس و میدیاکان، ریکلامی بازرگانیی کەسە بەناوبانگەکان و ئەو کارە بازرگانییانەی لەناو ماڵەکاندا دەکرێن، تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو دیاریکراوە بۆ کۆمپانیاکانی پەیوەندی، بۆ ئەوەی پابەندە داراییەکان جێبەجێ بکەن، ئەگەرنا مۆڵەتیان لێ وەردەگیرێتەوە.
ئەو زانیارییانە لەنێو رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027ی عێراقە، کە کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە.
باجی نێو پڕۆژەیاساکە چەند بوار و کەرتێک دەگرێتەوە، کە بەشێکیان پەیوەندیدارە بە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کۆمپانیاکانی تەلەفۆن ناچار دەکات بەوەی تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2027 هەرچی سزای پێبژاردن و پابەندیی دارایی هەیە رادەستی بکات و بچێتە نێو گەنجینەی گشتییەوە، ئەگەرنا رێکاری یاسایی لە دژیان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئەو پارەیە بدەن، تاوەکو دەگاتە ئاستی کشانەوەی مۆڵەتی کارکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرپێچی دەکەن.
پڕۆژەیاساکە وەزارەتی گەیاندن و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی پابەند کردووە بە بەستنەوەی تەلەفۆنی مۆبایل و تەلەفۆنی نۆرماڵ، بۆ ئەوەی رسووماتى ئەو بەستنەوەیە وەربگیرێت، هەروەها وەزارەتی بازرگانی پابەند بکرێت بەوەی سەرجەم کۆمپانیا تۆمارکراوەکان سیستمی IQ بەکاربهێنن و سندووقی پۆستە لە رێگەی کۆمپانیای گشتیی پۆستەوە بگرێتەوە.
دەبێت سەرجەم ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان لە رێگەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە بۆ وەرگرتنى رسومات تۆمار بکرێن و رێکاری کارکردنیان دیاری بکرێت.
بەشێک لە رێکارەکانی دیکە ئەوەیە وەزارەتی دارایی و دەستەی گشتیی باج پابەند بکات کە باجی داهات لە کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی وئەپڵیکەیشنە ئەلیکترۆنییە بیانی و نێوخۆییەکان وەربگرێت. هەروەها دەستەی راگەیاندن و گەیاندن رسووماتی بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن لەسەر سەرجەم ریکلامە بازرگانییەکان دابنێت کە کەسانی بەناوبانگ و خاوەنی ئەکاونتەکانی سۆشیاڵ میدیا دەیکەن.
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق سەرجەم ئاژانس و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان و میدیاییەکان تۆمار بکات کە لە عێراق کار دەکەن، لەبەرامبەر رسووماتێک کە دەستەکە خۆی دیاریی دەکات.
لەو پڕۆژەیاسایەدا داهاتی نانەوتیی خەمڵێنراو بۆ ساڵی 2027 بە 29.5 تریلیۆن دینار هەژمار کراوە، کە باج بەشێکی پێکدەهێنێت.
دەستەی گشتیی باج پابەند کراوە بەوەی رووپێوییەکی گشتگیر بکات بۆ سەرجەم چالاکییە بازرگانی و پیشەسازی و ئابوورییەکان بۆ ئەوەی باجیان لەسەر دابنێت.
1%ی داهاتەکانی باج لە هەردوو باجی داهات و سامان بۆ دەستەی گشتیی باج تەرخان بکرێت، 30%ی ئەو باجەی دەدرێتە دەستەکە وەک هاندانی مانگانە بدرێتە فەرمانبەرەکانی و 70%ی دیکەی بۆ ژێرخانی دەستەی گشتیی باج خەرج بکرێت.
پڕۆژەیاساکە دەسەڵاتی داوەتە وەزارەت و دەستە و پارێزگاکان بۆ ئەوەی رسووماتی خزمەتگوزاریی نوێ دابنێن، جگە لەوانەی لە ساڵانی رابردوو هەبوون کە بە یاسا رێکخراوە، کە 20%ی بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەبێت و 80%ی بۆ ئەو شوێنانە دەبێت کە باجەکە دادەنێن.
دەستەی گشتیی باج پابەند کراوە بەوەی باج لە هەر خاوەن ماڵێک وەربگرێت کە کارێکی بازرگانی لە ماڵەکەیدا دەکات و داهاتی هەیە، ئەو پارەیەی وەردەگیرێت دەچێتە گەنجینەی گشتییەوە.
بەشێک لە باجەکانى دیکە تایبەتن بە باجى فرۆشتن بەرێژەى 10%ى کۆمپانیاکیانى پەیوەندی و تۆڕى ئینتەرنێت، هەروەها 25 هەزار دینار بۆ هەر تکتێکى گەشتکردن بۆ دەرەوەى لە رێگەى فڕۆکەخانەکان و دەرواز سنوورییەکان و بڕى 10 هەزار بۆ دینار بۆ هەر گەشتێکى نێوخۆیی کە لە فڕۆکەخانەکەوە بکرێت.




