رووداو دیجیتاڵ
پێنجشەممە نرخی زێڕ نزیکەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا؛ ئەمەش بەهۆی پاشەکشەی بەهای دۆلاری ئەمریکی و دابەزینی سوودی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەو وڵاتە دوابەدوای سەرکەوتنی بەرفراوانی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولیدا.
نرخی زێڕ ئەمرۆ بە ڕێژەی 1.9% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4,134 دۆلار، کە بەرزترین ئاستیەتی لە دوای 22ـی تشرینی یەکەمەوە. هاوکات نرخی زێر لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ ڕادەستکردنی مانگی کانوونی یەکەم بە ڕێژەی 1.8% بەرزبووەوە بۆ 4,144 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە کانزا زەردەکە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە ڕێژەی 3.4% تۆمارکردبوو کە گەورەترین هەڵکشانی رۆژانەی بوو لە دوای 19ـی ئابەوە.
لینه تران، شارەزای بازاڕە داراییەاکن لە دامەزراوەی دارایی (XS.com) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی قەواڵەکانی گەنجینە، یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی زێڕ ئاستی سەرەکیی 4,000 دۆلار تێپەڕێنێتەوە، بەڵام مانەوە لە سەرووی ئەم ئاستە زۆر گرنگە." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر هاتنەناوەوەی سەرمایەی وەبەرهێنان و دابەزینی سوودی قەواڵەکان بەردەوام بن، دەکرێت زێڕ لە سەرووی 4,000 دۆلاردا جێگیر بێت و ڕێگە بۆ بەرزبوونەوە بەرەو 4,200 دۆلار و پاشان 4,400 دۆلاریش بکرێتەوە."
بەهای دۆلاری ئەمریکی رۆژی پێنجشەممە کەمێک دابەزی دوابەدوای سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردندا، کە بەشێکی زۆر لە نادڵنیاییەکانی بازاڕی ڕەواندەوە و بووە هۆی بووژانەوەی بۆرسە جیهانییەکان، لاوازبوونی دۆلاریش کڕینی زێڕ بۆ خاوەن دراوەکانی دیکە هەرزانتر دەکات. هاوکات سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکانی گەنجینەی ئەمریکا پاشەکشەی کرد و لە سەرەتای مامەڵەکانی تۆکیۆدا گەیشتە 4.87%.
لە ئێستادا بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی راپۆرتی رۆژی هەینیی هەلیکاری ئەمریکا دەکەن بۆ وەرگرتنی ئاماژەی زیاتر لەسەر سیاسەتی نەختی فیدراڵ ریزێرڤ. بەپێی پێوەری "فێد وۆچ"ی سەر بە گرووپی CME، لە ئێستادا بازاڕەکان بە ئەگەری 82% پێشبینی دەکەن کە بانکی ناوەندی لە مانگی کانوونی یەکەمدا ڕێژەی سوود بەرزبکاتەوە. بە شێوەیەکی گشتی، سوودی بەرز سەرنجڕاکێشیی زێڕ کەم دەکاتەوە، چونکە هیچ سوودێکی دارایی بەرهەم ناهێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، بانکی "سیتی" (Citi) رۆژی چوارشەممە پێشبینیی کرد کە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا نرخی زێڕ بگاتە 4,500 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. بانکەکە پێیوایە ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەنگەی هورمز بکرێتەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوان سعودیە و یەمەن هێور ببنەوە، زێڕ دەرفەتێکی گەورەی بۆ هەڵکشانی زیاتر لەبەردەمدا دەبێت.



