رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای زۆم بۆ بەرهەمە شیرییەکان پرۆژەکانی فراوانتر دەکات و دەست بە دروستکردنی گەورەترین سەنتەری ڤێتێرنەری، بەرهەمهێنانی ئالیک و دابینکردنی مانگای شیردەر بۆ ئاژەڵداران دەکات. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەش رایدەگەیێنێت، لە داهاتوودا دەتوانن پێداویستیی تەواوی بازاڕی هەرێمی کوردستان و عێراق پڕبکەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-11-2026 عەبدولعەزیز شێروانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای زۆم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەختیار عەبدولعەزیز لە تۆڕی میدیایی رووداو، پێشهات و پلانە نوێیەکانی کۆمپانیاکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئێستا رۆژانە نزیکەی 10 هەزار لیتر شیر لە ئاژەڵداران وەردەگرن بەهۆی ئەوەی لەم وەرزەدا بەرهەم کەمە، بەڵام لە وەرزی بەهاردا رۆژانە گەیشتووەتە 40 هەزار لیتر. کارگەکە توانای وەرگرتنی تاوەکو 60 هەزار لیتر شیری هەیە لە رۆژێکدا.
شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، زۆم "پرۆژەیەکی نیشتمانییە" و لەسەر راسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی دامەزراوە، لە 2020 بەردی بناخەی لە گوندی ژاژووک لە قەزای مێرگەسۆر دانرا و لە ئایاری 2023 کرایەوە. ئێستاش بەرهەمی شیری 3,330 خێزان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە رێگەی 28 بنکەوە بە نرخێکی گونجاو و سەروو نرخی جیهانی دەکڕنەوە، دوای ئەوەی پشکنینی وردی تاقیگەیی بۆ کوالێتییەکەی دەکرێت.
بەرهەمی 100% سرووشتی
بەرهەمەکانی زۆم بریتین لە: ماست، شیر، پەنیر، ماستاو، قەیماغ، ژاژی و کەرە (نووشک). بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە جەختی کردەوە، "هیچ جۆرە ماددەیەکی پارێزەر، شیری وشک، یان چەوریی دەستکرد تێکەڵی بەرهەمەکان ناکەن و سەرجەمیان 100% سرووشتین، هەر بەوهۆیەش خواستێکی زۆریان لەسەرە و زۆرجار بەرهەم لە بازاڕدا نامێنێت."
سەبارەت بە فراوانبوونی پرۆژەکەش، شێروانی گوتی، "نزیکەی ساڵێکە کۆمپانیای زۆمی کشتوکاڵیمان دامەزراندووە، ئامێری پێشکەوتوومان هاوردە کردووە و بە کرێی کەم دەیدەینە جووتیاران، هاوکات خەریکی دامەزراندنی کێڵگەیەکی هاوچەرخی مانگای شیردەر و سەنتەرێکی گەورەی ڤێتێرنەرین لەسەر ئاستی عێراق کە بە تیمی گەڕۆک خزمەت بە ئاژەڵداران دەگەیێنێت."
دەستی کاری نێوخۆیی و پێچەوانەکردنەوەی کۆچ
پرۆژەکە بووەتە هۆی دابینکردنی چەندین هەلیکار، عەبدولعەزیز شێروانی ئاشکرای کرد، "لە کۆی 400 کارمەندی کۆمپانیاکە، تەنیا یەک کەسیان بیانییە، ئەویش تەنیا لەبەر نەبوونی ئەو پسپۆڕییە لە نێوخۆدا هێنراوە و ئێستا سێ کارمەندی کورد لەلای ئەو لە ژێر مەشق دان تاوەکو فێرببن. ئەم پرۆژەیە توانیویەتی کۆچ لە گوندەکانەوە بۆ شار پێچەوانە بکاتەوە، چونکە گوندنشینان لە شوێنی خۆیان بوونەتە خاوەن داهاتێکی باش."
بردنەوەی خەڵاتێکی جیهانی لە پاریس
پڕۆژەی زۆم سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی بڕیوە؛ بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-11-2026، کۆمپانیاکە خەڵاتی نێودەوڵەتیی (GRANDS PRIX Consumer 2026) لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا وەربگرێت، کە لەلایەن گرووپی جیهانیی (TOP/COM) پێشکەش دەکرێت بۆ کاریگەرترین پڕۆژەی پەیوەندی لەگەڵ بەکاربەران.
کۆمپانیای زۆم خاوەنی باوەڕپێکراوترین بڕوانامە جیهانییەکانی سەلامەتیی خۆراکە، لەوانە (ISO 22000) و (FSSC 22000)، کە تەواوی زنجیرەی بەرهەمهێنانی خۆراک بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەسەلمێنن. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بردنەوەی ئەم خەڵاتەی بە شانازی بۆ تەواوی کوردستان ناوبرد و جەختی کردەوە کە ئامانجیانە بەرهەمەکانیان هەناردەی تەواوی پارێزگاکانی عێراق بکەن و پێویستیی بازاڕ بە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی نەهێڵن.


