رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق هۆشداری دەداتە بازرگانان لە بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەل و خۆراک بە بیانووی گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار و رایدەگەیێنێت، رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر قۆرخکاران و سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەیان بە وردی چاودێریی جووڵەی نرخەکان لە بازاڕە نێوخۆییەکان دەکات، بەتایبەت ئەو بەرزبوونەوەیەی لە نرخی هەندێک کەرەستەی خۆراکی و بەکاربەریدا روودەدات، لەنێویاندا بەرهەمە نێوخۆییەکان کە هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە هاوردەکردن یان هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلارەوە نییە.
وەزارەتی بازرگانی روونیکردەوە کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار نابێتە پاساو بۆ گرانکردنی سەرجەم کاڵاکان، بەتایبەتی بەرهەمە خۆماڵییەکان و ئەو کاڵایانەی لە کۆگاکاندان و پێشتر بە دۆلاری هەرزانتر هاوردە کراون و گوتیشی: "وەزارەت بە هەموو شێوەیەک قۆستنەوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان بۆ سەپاندنی نرخی ناڕەوا و بەدەستهێنانی قازانجی لەڕادەبەدەر لەسەر حیسابی بژێویی هاووڵاتییان رەتدەکاتەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمە چاودێرییەکانی وەزارەتی بازرگانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان، دەستیان بە گەڕان و پشکنینی چڕ لە بازاڕەکاندا کردووە، بۆ رێگریکردن لە گرانفرۆشی، قۆرخکاری و فێڵی بازرگانی، هەروەها بەدواداچوون بۆ تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان، هاوردەکردن و گواستنەوە دەکەن.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە کە: "ئازادیی بازاڕ بە واتای ئازادی لە قۆستنەوە و بەکارهێنانی بەکاربەر نییە، کێبڕکێی شەرعیش نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ قۆرخکاری. پاراستنی بەکاربەریش بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە."
لە راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە خستنەڕووی کەلوپەلە بنەڕەتییەکان لە بازاڕدا بۆ پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان، هاوکات سەرجەم ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن و دۆلار دەکەنە بیانووی گرانکردنی بێ پاساو، بەبێ چاوپۆشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی تووند دەکرێنەوە.


