رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیای ئێنڤیدیا (Nvidia) دەربڕی و رایگەیاند، ئەو سەرکردەیەی بواری تەکنەلۆژیا "لە ئازارێکی زۆردایە" و بە هیچ شێوەیەک نەیزانیوە ئەو ژنەی پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵدا هەبووە، تۆمەتبارە بە سیخوڕیکردن بۆ چین.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رۆژی دووشەممە پەیوەندیی بە هوانگەوە کردووە تاوەکو لە رەوشی بکۆڵێتەوە و گوتی: "لێم پرسی ئایا هەرگیز گومانت لێکردبوو ئەو ژنە سیخوڕ بێت؟ ئەویش بە تەواوی رەتیکردەوە و گوتی بە هیچ شێوەیەک نەمزانیوە؛ منیش باوەڕی پێدەکەم چونکە پیاوێکی ناوازەیە. پێموایە ئەو زۆر ئازار دەچێژێت لەبەر خێزان و هاوسەرەکەی."
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە رۆژی یەکشەممە جێنسن هوانگ لە پەیامێکدا بۆ کارمەندانی کۆمپانیاکەی، بە فەرمی دانینا بە هەبوونی پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ ژنە بەڕێوەبەرێکی تەکنەلۆژیا بە ناوی ئەلیس هوانگ و داوای لێبووردنی لە خێزانەکەی و ستافی ئێنڤیدیا کرد.
راپۆرتە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە کە ئەلیس هوانگ لە لایەن دەزگای هەواڵگریی بەیجینگەوە ئەرکدار کرابوو تاوەکو لە رێگەی دروستکردنی پەیوەندیی سۆزدارییەوە، گوشار لەسەر جێنسن دروستبکات بۆ کەمکردنەوەی سنووردارکردنەکانی سەر هەناردەی چیپی ئەلیکترۆنی بۆ چین.
29ـی تشرینی یەکەم رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کرد کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا زانیارییان داوەتە ترەمپ لەبارەی پەیوەندیی نزیکی نێوان جێنسن هوانگ و ئەلیس هوانگ، کە گومانی پەیوەندیی هەواڵگریی لەگەڵ چینی لێدەکرێت.
31ـی تشرینی یەکەم رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، تایوان و سەنگافوورە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەو ژنە سیخوڕی چینە.
هەروەها رۆژی 5ـی تشرینی دووەم کۆنگرێسی ئەمریکا هاتە نێو دۆسیەکەوە؛ سەرۆک لێژنە سەرەکییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران داوایان لە هوانگ کرد بە فەرمی لەبەردەمیاندا ئامادە بێت بۆ روونکردنەوە لەسەر دزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان کە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە.
6ـی تشرینی دووەمیش میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە ئەو ژنە راستەوخۆ لەلایەن هەواڵگریی باڵای چینەوە ئەرکی نزیکبوونەوە لە هوانگی پێسپێردراوە.
ترەمپ رەتیکردەوە کاتی ئاگاداربوونی لەم دۆسیەیە ئاشکرا بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە دەزگا هەواڵگرییەکان بە چڕی لێکۆڵینەوە دەکەن و پێیوایە هوانگ بێتاوانە.
ئەم ئابڕووچوونە گەورەیە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای ئێنڤیدیا بەهێزترین کۆڵەکەی پێشبڕکێی تەکنەلۆژیی ئەمریکایە لە بواری پەرەپێدانی ژیریی دەستکرددا؛ کۆنگرێسی ئەمریکاش تاوەکو 11ـی تشرینی دووەمی وەک دوا مۆڵەت دیاریکردووە تاوەکو جێنسن هوانگ وادەی دانیشتنی لێپرسینەوەکەی لەگەڵ یاسادانەران دیاری بکات.



