رووداو دیجیتاڵ
وەرزی چنینی زەعفەران لە پارێزگای کرماشان دەستیپێکرد و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە پێشبینی دەکات، بەرهەمی ئەم ساڵیان بگاتە زیاتر لە هەشت تۆن.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، سەعید کەریمی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەم ساڵ لە رووبەری 830 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە زەعفەران چێندراوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، لەو پارێزگایە لە هەر هێکتارێکدا زیاتر لە 6 کیلۆگرام زەعفەران بەرهەم دێت.
سەعید کەریمی گوتی، جگە لە قەسری شیرین، لە هەموو ناوچەکانی دیکەی پارێزگای کرماشان زەعفەران دەچێندرێت و زۆرترین بڕی زەعفەرانی پارێزگاکە لە شارەکانی کرماشان، داڵاهۆ و سونقور بەرهەم دێت.
سەعید کەریمی گوتیشی، پلانیان هەیە بۆ ساڵی داهاتوو 500 هێکتار زەوی بۆ چاندنی زەعفەران تەرخان بکرێت.
ئەم ساڵ نرخی یەک کیلۆگرام زەعفەران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی جۆر و کوالیتییەکەی لە نێوان 295ملیۆن تمەن، تاوەکو 350 ملیۆن تمەنە( 1000 بۆ 1500 دۆلارە)
ئێران گەورەترین بەرهەمهێنەری زەعفەرانە لە جیهان و 90٪ی زەعفەرانی جیهان لەو وڵاتە بەرهەم دێت. ساڵانە لە نێوان 250 تاوەکو 450 تۆن زەعفەران لە ئێران بەرهەم دێت، کە بەشێکی زۆری هەناردە دەکرێت.




