رووداو دیجیتاڵ
نرخیی بازرگانیی گازی شل (LPG) بە گازی ماڵان
دەناسرێت لە هەولێر بەرزبووەوە، لە سلێمانی نرخ جێگیرە، بەڵام کەمبووەتەوە و بە
ئەستەم دەستدەکەوێت. بەرپرسانی حکومیش دەڵێن، دابەشکردنی گاز بە هەمان نرخی پێشوو
بەردەوامە.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 10-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لیترێک گازی شل لە بەنزینخانەکان بە 750 دینارە".
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گازی شل لە بەنزینخانەکان زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام بەشێکی کەمی بەنزینخانەکان ماویانە و لیتری هەر بە 500 دینارە".
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، هەموو هەوڵێک دەدەن نرخ بەرز نەبێتەوە تاوەکو بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە. گوتیشی: "ئێستا زۆر کەمە و زۆرینەی بەنزینخانەکان گازیان نەماوە".
شەوی یەکشەممە 08-11-2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە پڕۆژەکە راگیرا، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
پێش هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، لیترێک گازی (LPG) لە هەولێر بە نزیکەی 550 دینار بوو.
هەر بووتڵێک گازی ماڵان نزیکەی 22 لیتری تێدەکرێت، بەگوێرەی نرخی ئەمڕۆ، یەک بووتڵی بازرگانی لە هەولێر 17 هەزار دینار دەبێت؛ لە کاتێکدا پێش هێرشەکە بووتڵێکی گازی بازرگانی بە نزیکەی 11 هەزار دینار بوو.
بەرپرسانی نەوت و کانزاکان دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانییان، تاوەکو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە گازی پێویست بەردەستە و بە هەمان نرخیش دابەش دەکرێت.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێویست بە نیگەرانی ناکات و گازی کۆگاکراوی ماڵانمان هەیە و تاوەکو دوێنێ دابەشکردن چۆن بووە بە هەمان شێوە دەبێت، دابەشکردن بەردەوام دەبێت و بووتڵی بە 8500 دینارە".
هاوکات فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ کێشەمان نییە و گازی کۆگاکراو هەیە. ئۆتۆمبێلی بریکارەکان بە گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و گاز دابەش دەکەن".
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دڵنیایی دەدەین کە کەمیی گازی ماڵانمان نییە. ئەو کەمبوونەوەیەی بەهۆی وەستانی کار لە کێڵگەی کۆرمۆر دروستبووە بە گازی کۆگاکراو پڕی دەکەینەوە. هەروەها رۆژانە "بڕێکی باش" پشکی گازی شل لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و ناردنی بەردەوامە".
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەسەر داواکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 9-11-2026،سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ رەزامەندیی دەربڕی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راسپارد، بۆ ئەوەی بڕی پێویستی گازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە."



