رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی سەرما، نرخی بەرمیلێک نەوت نزیکەی 50 هەزار دیناری دیکە بەرزبووەتەوە. فرۆشیارێکی نەوت دەڵێت، بەهۆی بەرزیی نرخەوە خەڵک بە دەبە دەیکڕن.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نەوتی کواڵیتی بەرز بەکۆ بەرمیلی بە 375 هەزار دینارە".
بەرمیلێک نەوت بە تێچووی گواستنەوەوە لە هەولێر بە 380 بۆ 385 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان.
هەر ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوت لە سلێمانی و هەڵەبجە بە نزیکەی 360 هەزار دینارە.
کۆرش گۆران، فرۆشیاری نەوت لە هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرمیلێک نەوت بە 360 هەزار دینار دەفرۆشین، نەوتیش زۆر کەمە و ئەوەی دەیفرۆشین بە ئاسانی دەستمان ناکەوێتەوە".
ئەو کاسبکارە گوتی: "نەوت هێندە گران بووە خەڵک کەم دەتوانێت بە بەرمیل بیکڕێت و زیاتر بە دەبە دەیکڕن کە دەبەیەکی ئەمڕۆ بە 30 هەزار دینارە".
پار لەم مانگەدا دەبەیەک نەوت 13 بۆ 14 هەزار دینار بوو، ئەم ساڵ نرخەکە زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕە نەوتێکی حکومی دابەش نەکراوە، لە کاتێکدا پار لە دەستپێکی ئەیلوولەوە تاوەکو 04-01-2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 674 هەزار و 500 خێزاندا دابەش کرا.
لە 02-11-2026 سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دا، دواتریش چوارشەممە 04-11-2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەفەرمی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت دا.
سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکارەکانی وەرگرتنی پشکی نەوت لە عێراقەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ئەمڕۆش بەردەوامە و بە ئەگەری زۆرەوە وەرگرتنی نەوتەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و لەگەڵ گەیشتنی نەوتەکەدا دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکەن.
نرخی نەوتەکە بە هەمان نرخی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت و کە لیتری 250 دینارە.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانی رابردوو دابەشی کردووە، 200 لیتر بووە و بە 104 هەزار دینار دراوەتە هاونیشتمانییان، ئەم ساڵ چاوەڕێن حکومەتی عێراق نەوتەکە بنێرێت و ئەوانیش دابەش بکەن.



