رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای خارپێت لە باکووری کوردستان، بەهۆی بوونی بەنداوە زەبەلاحەکانیەوە، پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان لە بەرهەمهێنانی ماسیی ئاوی شیرین و بەتایبەت "ماسیی بەڵەک" و "سەلەمون" بەدەستهێناوە، بەرهەمەکانیشی رەوانەی بازاڕەکانی ئەورووپا، ئەمریکا و ژاپۆن دەکرێن.
بوونی بەنداوە گەورەکانی وەکو کەبان و کاراکایا لە سنووری پارێزگاکەدا، خارپێتی کردووەتە یەکێک لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی سامانی ماسی. ئێستا زیاتر لە 200 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە پارێزگاکەدا کار دەکەن و بەرهەمەکانیان دوای ئامادەکردن لە کارگە پێشکەوتووەکاندا، هەناردە دەکەن.
گۆکهان ئەلگین، سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی ماسیی ئاوی شیرینی خارپێت رایگەیاند، پارێزگاکەیان لە بەرهەمهێنانی ماسیی بەڵەک و سەلەمونی تورکیدا لە پلەی یەکەمی وڵاتدایە.
ئەلگین ئاماژەی بەوە دا کە قەبارەی بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە خارپێت 40 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە و بەها ئابوورییەکەشی دەگاتە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار. گوتیشی، "نزیکەی دوو هەزار کەس لەم کەرتی ئابوورییەدا کار دەکەن. ئێستا سێ کارگەی گەورەی ئامادەکردن و پێگەیاندنی ماسی کار دەکەن و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا دوو کارگەی دیکەش بکرێنەوە."
سەبارەت بە شوێنی هەناردەکردنی بەرهەمەکان، سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەران روونیکردەوە، "ماسیی بەڵەک بە گشتی هەناردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەکرێت، لە بەرامبەردا 'سەلەمونی تورکی' بە پلەی یەکەم بۆ رووسیا، ژاپۆن، ئەمریکا و کەنەدا هەناردە دەکرێت."
بەپێی داتاکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، تورکیا دوای ئێران بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ماسیی بەڵەک لە جیهاندا دادەنرێت. هەناردەی ماسیی بەڵەکی پەلکەزێڕینە کە کێشیان لە 1.2 کیلۆگرام زیاترە و لە دەریای رەشدا پێگەیشتوون و بە ناوی ''سەلەمونی تورکی'' دەفرۆشرێن، نزیکەی 28.6٪ی کۆی گشتیی هەناردەی بەرهەمە ئاوییەکانی تورکیا پێکھدەهێنن و داهاتەکەیان تەنیا لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 642 ملیۆن دۆلار بووە.




