رووداو
دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی
بەرچاوی نرخی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان وایکردووە، هاونیشتمانیان لەبری کڕینی بەرمیل،
روو لە کڕینی نەوت بە "دەبە" بکەن، چونکە توانای کڕینی بەرمیلیان نییە. بازرگانانیش
دەڵێن، فرۆشیان بۆ نیوە دابەزیوە.
لە بۆرسەی
سووتەمەنیی هەولێر، شوێنێک کە پێشتر تەنیا بە بەرمیل نەوتی سپی لێ دەفرۆشرا، بەڵام
ئێستا بەهۆی بەرزیی نرخەکەیەوە، دەبە و بیست لیترەکان دیمەنێکی نامۆ نین. هەندێک کەس
توانای کڕینی یەک دەبە نەوتیشیان نییە.
شێرزاد ساڵح،
کاسبکارێکە و دەڵێت، "خەڵک هەیە پارەی نییە، دێت دەڵێت بە بەهای پێنج هەزار دینار
نەوتم پێبدە، یان بە بەهای 10 هەزار دینار".
ئیدریس محەممەد،
بازرگانێکی سووتەمەنییە و باس لەوە دەکات کە ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا رۆژانە 150
بەرمیل نەوتی فرۆشتبێت، ئێستا بە فرۆشتنی نیوەی ئەو بڕەش رازین.
لە بازاڕەکانی
هەرێمی کوردستاندا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. لە
هەولێر نرخەکەی لەنێوان 375 بۆ 400 هەزار دینارە، لە سلێمانی لەنێوان 350 بۆ 370 هەزار
دینارە، لە دهۆک لە 375 بۆ 390 هەزار دینارە و لە هەڵەبجەش لەنێوان 350 بۆ 375 هەزار
دینارە.
ئێستا کڕینی
نەوتی سپی بە دەبە، بووەتە دیمەنێکی سەرەکیی شەقامەکان تەقێدین نوورەدین، شۆفێری تاکسییە
و دەڵێت، یەک دەبە نەوتم بە 26 هەزار کڕیوە ناتوانم بە بەرمیل بیکڕم و
ناچارم".
هەرێمی کوردستان
بۆ وەرزی زستان پێویستی بە زیاتر لە 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ دابەشکردن بەسەر
زیاتر لە یەک ملیۆن و 343 هەزار خێزاندا. بەڵام بەغدا تەنیا 50 ملیۆن لیتر دەنێرێت،
کە دەکاتە تەنیا 18%ی خواستی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە ئەم
هەفتەیە ئەو بڕە نەوتەی بەغدا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
بۆ ئەوەی زۆرترین خێزان سوودمەند بن، چاوەڕوان دەکرێت لەبری 200 لیتر، هەر خێزانێک
100 لیتر نەوتی پێبدرێت، بەڵام بەو پێیەش هێشتا دوو لەسەر سێی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان
بێبەش دەبن.


