رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش بەهۆی پێشبینییەکان بۆ زیادەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا، پاش ئەوەی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی تەنگە هورمزەوە بۆ نزیکەی ئاستی پێش جەنگ گەڕایەوە و هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هەنگاوی نوێی بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی سووتەمەنی لە نێوان بەندەرە نێوخۆییەکانیدا گرتەبەر.
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 47 سەنت یان بەڕێژەی 0.49% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 95.37 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت، یان بەڕێژەی 0.26% دابەزی بۆ 88.33 دۆلار. لە هەفتەی رابردووشدا هەردوو پێنوێنەکە بەڕێژەی 16% و 13% دابەزینی گەورەیان تۆمارکردبوو، ئەمەش دوای کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکانی جەنگی نۆ مانگەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رۆژی هەینی رایگەیاند کە بازاڕی نەوتی جیهان لە چارەکی چوارەمی ئەم ساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی زیادەی خستنەڕوو، بەو پێیەی هەناردەی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر خێراتر لە خواستی جیهانی دەبووژێتەوە سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان. بەپێی ئاژانسەکە، خستنەڕووی نەوت لە چارەکی چوارەمدا دەگاتە 105 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە 1.7 ملیۆن بەرمیل لە ئاستی خواستی پێشبینیکراو زیاترە، لە کاتێکدا پێشتر پێشبینیی کورتهێنانی دەکرد.
ئاژانسی IEA ئاشکراشی کرد کە تاوەکو کۆتایی مانگی شوبات بڕی 71 ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکە لە یەدەگی فریاگوزاریی وڵاتانی ئەندام دەخرێتە بازاڕەوە، لەنێویاندا 15 ملیۆن بەرمیل گازوایل.
تیم واتەرەر، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بۆ یەکەم جار لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە، بازرگانان بە کرداری بیر لە ئەگەری زێدەخستنەڕووی نەوت دەکەنەوە نەک تەنگژە و کەمیی خستنەڕوو. ئەم گۆڕانکارییە لە دیدگای بازاڕدا بە تەواوەتی نرخەکانی هێور کردووەتەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا، واتەرەر ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای زیادبوونی خستنەڕوو، کرێی گواستنەوەی دەریایی بەهۆی مەترسییەکانی تەنگە هورمز و قەتیسمانی ژمارەیەکی زۆر کەشتی لە پڕۆسەی گواستنەوەی نەوت لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە، بە بەرزی ماوەتەوە و وەک بەربەستێک رێگری لە داڕمانی گەورەتری نرخەکان دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە شەوی یەکشەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز دوای بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی ئاگری گرتووە، هەرچەندە ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ راپۆرتەکە پشتڕاست بکاتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)