رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دووشەممە و رۆژانی دواتر، پارەی نێردراو بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە 63 ملیار دینارە دابەش بکرێ.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 20-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکارە بانکییەکان لە چوارشەممەوە دەستیان پێکردووە و لەگەڵ تەواوبوونیان دابەشکردنی پارەکە دەستپێدەکات."
ئەو پارەیەی خەرج دەکرێ 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی نێردراوە کە پارێزگای هەڵەبجەشی لەگەڵدایە. نەسرین ئەحمەد کە سەرپەرشتیی سایلۆکانی هەردوو پارێزگاکە دەکات گوتی: "لە رۆژێکی نێوەڕاستی هەفتەوە تاوەکو پێنجشەممە رێکارەکان تەواو دەبن و پارەی نێردراو دابەش دەکرێ".
بڕی پارەکە 20 ملیار و 921 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "وێڕای پشوو ئەمڕۆ و سبەیش کار لە چەکەکان دەکەین بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی هاتووە زوو دابەش بکرێ، لە دووشەممە یان سێشەممەوە دابەشکردنی پارەکە دەستپێدەکات."
16ی ئەم مانگە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، بڕیاری خەرجکردنی زیاتر لە 63 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دراوە.
بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆک 19 ملیار و 876 ملیۆن دینار نێردراوە و بڕیارە دوای رێکارە کارگێڕییەکان لەو پارێزگایەش دابەشکردن دەستپێبکات.
12-11-2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری بازرگانی بڕیاری دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2026، ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە لەو پشکەیە.
ئەم ساڵ 12ی حوزەیران دەرگەی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە و تاوەکو 18ی تەمموز نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینار بوو، هەروەها نزیکەی 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان وەرگیرا تۆنی بە 500 هەزار دینار.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. ساڵی 2025 کەمی کردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.



