رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، بەهای دینار دابەزی و 100 دۆلار گەیشتەوە 169 هەزار دینار.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراو لە هەولێر، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا 100 دۆلار بە 169 هەزار دینارە، بەراورد بە دوێنێ هەر 100 دۆلار زیاتر لە هەزار دیناری چووەتە سەر."
هەر ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار بە 169 هەزار و 50 دینارە.
باواجی گوتی، دوێنێ بەهای دینار بەرزبووەوە و 100 دۆلار بە 167 هەزار و 800 دینار فرۆشرا، لەکاتێکدا رۆژێک پێشتر 100 دۆلار بە زیاتر لە 170 هەزار دینار بوو.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراو لە هەولێر گوتی: "دوێنێ دەنگۆ هەبوو بڕێک دۆلار بدرێتە هەموو بازرگانان، بەڵام ئەمڕۆ روون بووەتەوە کە هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە،بۆیە دووبارە بەهای دینار دابەزییەوە".
لە 07-10-2026، بانکی ناوەندیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نرخی نوێی دۆلاریان بە دینار دیاریکرد، کە رۆژێک پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار دەدرێتە بازرگانان و هاووڵاتییان.
پێش بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، 100 دۆلار بە نرخی فەرمی 132 هەزار دینار و لە بازاڕەکاندا لەنێوان 150 بۆ 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.



