رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت دابەزی. شەپۆلی فرۆشی نێو بازاڕە داراییەکان، تەشەنەی کردووەتە نێو بازاڕی کاڵاکان و نیگەرانی لە کەمیی خواست، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوتیش هێناوە.
دابەزینی نەوتی خاو لەکاتێکدا بەردەوامە کە ئەمڕۆ بەهای پشکەکانی ئاسیا بە نزمبوونەوە کرانەوە. بازاڕی کۆریای باشوور کە زۆرینەی پشکەکانی تەکنەلۆجیان بە رێژەی 4% دابەزی و، بازاڕەکانی چین، هۆنگ کۆنگ و ئوسترالیاش هەموویان دابەزینیان بەخۆوە بینی. هەروەها بازاڕەکانی پشکی ئەمریکاش داڕمان، بە شێوەیەک هەفتەی رابردوو پێوەری ناسداک 10% دابەزی.
ئەمڕۆ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 28 سەنت یان بەڕێژەی 0.30% دابەزی بۆ 92.29 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکیش 15 سەنت یان بەڕێژەی 0.18% دابەزی و گەیشتنە 83.26 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەفتەی رابردوو، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 4% و نرخی نەوتی تەکساس بە رێژەی 5% دابەزیبوون.
سەرەڕای ئەوەش، جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابەزینەکانی نرخی نەوتی سنووردارکردووە. رۆژی یەکشەممە، حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی نەوتی سعودیە، هاوکات لە پشووی کۆتایی هەفتەشدا چەندین هێرش بۆ سەر کەشتیوانی لە کەنداو و نزیک تەنگەی هورمز راگەیێندران.
موکێش ساهدێڤ، گەورە شرۆڤەکاری نەوت لە دامەزراوەی (ئێکس ئەنالیتیکس) لە سیدنی رایگەیاند، "ئەمە هێزی پاڵنەری بازاڕە کە نەوت بەرەو خوارەوە دەبات." هۆشداریشیدا "هێرشی سەر کەشتیوانی کاریگەرییان دەبێت، لەبەر ئەوەی ژمارەی کەشتییە بەتاڵەکان روو لە زیادبوونە لە کاتێکدا کەشتییە بارکراوەکان کەمبوونەتەوە. ئەم مەترسییەش لەسەر رۆیشتنی نەوت، بەمزووانە لە نرخەکاندا رەنگدەداتەوە."
لە لایەکی دیکەوە لە تورکیا، گوتوبێژەکانی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP31) رۆژی یەکشەممە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2009ـەوە شکستیان هێنا، دوای ئەوەی وڵاتان نەیانتوانی بگەنە رێککەوتن لەسەر خستنەڕووی دەقێک بۆ قۆناخ بە قۆناخ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی سووتەمەنیی نەریتی لە راگەیێندراوی کۆتاییدا.
بڕیارە وەزیرانی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رۆژی 29ـی تشرینی دووەم زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر سیاسەتی بەرهەمهێنانیان بۆ ساڵی 2027. ئەو هاوپەیمانییە لە وڵاتانی رێکخراوی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی وەک رووسیا پێکدێت.



