رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی سلێمانی دەریدەخات، ڤەیپکێشان بووەتە لادانێکی باوی کۆمەڵایەتی لەنێو قوتابخانە ئامادەییەکان و ئەمە لەنێو هەردوو رەگەزەکەدا هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 6-6-2026 بەهار حەسەن، ماستەر لە کۆمەڵناسی و خاوەنی توێژینەوەکەی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئامانجی توێژینەوەکە باسکردنی لادانێکی کۆمەڵایەتییە لەنێو خوێندنگە ئامادەییەکانی شاری سلێمانی کە کێشانی ڤەیپە.
هاوکات هۆکاری بڵاویی ئەو لادانە کۆمەڵایەتییە لەنێو خوێندنگەکاندا بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێنێتەوە؛
- نرخی هەرزانە
- بۆنی ناخۆشی نییە
- بە چەندین تام و بۆن بەردەستە
- هەڵگرتن، گواستنەوە و شاردنەوەی ئاسانە
بەهار حەسەن دەڵێت، ''ڤەیپکێشان بەهۆی رووکار، رەنگ و تامی جیاوازەوە بووەتە مۆدێلێک و نەک تەنیا گەوران، بەڵکو منداڵانیش بە ئەستەم دەتوانن وازیلێبهێنن، تەنانەت کێشانیشی تادێت زیاتر دەبێت''.
ئەو قوتابییانەی ئامادەیی کە ڤەیپکێش بوون و توێژینەوەیان لەسەر کراوە، قسەیان بۆ توێژەرەکە کردووە و ئەم نیشانانەیان هەبووە؛ (هەناسەتەنگی، زەردبوون و کلۆربوونی ددانەکان، شینبوونەوەی لێوەکان و دەوروبەری چاوەکان، بۆنی ناخۆشی دەم، کەمخەوی، کەمیی سەرنج، ناڕێکیی سووڕی مانگانە، زەردوویی، قژهەڵوەرین، سەرسووڕان، زووهەڵچوون و تووڕەبوون).
ڤەیپکێشان لە خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان هەیە و هۆکارەکانی ڤەیپکێشانیش دەکرێت ئەمانەی خوارەوە بن؛
1- قۆناخی نەوجەوانی و رەفتارە هەڵەشەییەکانی ئەو تەمەنە
2- حەزی تاقیکردنەوە
3- چەپاندن و سەرکوتکردن
4- خۆبەکەمزانین
5- چاولێکەری و لاساییکردنەوە
6- بوونی کاتی بەتاڵ
7- بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان
8- وازهێنان لە جگەرەی ئاسایی
9- پەروەردە، رەفتار و بارودۆخی خێزان
10- ژینگەی نالەباری خوێندنگە
11- هاوڕێ و هاوتەمەن
12- دۆخی دارایی خێزان
13- بارودۆخی سیاسیی وڵات و ئەو ژینگەیەی تاک تێیدا دەژی
بەگوتەی توێژەرەکە، ئەو قوتابییانەی توێژینەوەیان لەسەر کراوە چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، دەروونی و جەستەییانە درکپێکردووە، تەنانەت هەستیشیان بە خەمێکی گەورە کردووە کە پێیان وایە کارێکی هەڵە دەکەن، بەڵام بەهۆی ئالوودەبوونیان پێوەی، بە ناچاریی دەیکێشن و ناتوانن دەستبەرداریببن، تەنانەت ئەوانەشی کە لەهەوڵی ئەوەدان لێی دووربکەونەوە، دەبینن هاوڕێکەیان یان گرووپێک لەهاوڕێیان یان لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە یان ئەندامانی یەکێک لەخێزانەکەی ڤەیپ دەکێشێت، ئیدی ناتوانن خۆڕاگر بن و دەستبەرداری نابن.
چەند راسپاردەیەکی توێژینەوەکە
لە توێژینەوەکە چەند راسپاردەیەک ئاڕاستەی چەندین لایەن کراوە، بەتایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز کراوە کە یاسایەک دەربکات، ئەوانەی ڤەیپدەکێشن تەمەنیان سەروو 20 ساڵ بێت و بە پێچەوانەوە سزا بدرێت، چونکە لەو تەمەنەدا قۆناخی نەوجەوانی بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت و قۆناخی ئاقڵیی و سەقاگیریی دەروونی دەستپێدەکات.
پاشانیش داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە کرا کە رێگری لە رێکلامی چۆنیەتیی ڤەیپکێشان و فرۆشتنی بەرهەمەکانی دووکەڵ بکەن، هەروەها پڕۆگرامی تایبەتیان هەبێت بە هۆشیارکردنەوەی قوتابییان لە مەترسییەکانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان. پاشانیش پەنابردن بۆ رێنماییکاری پەروەردەیی و دەروونی گرنگە بۆ هاوکاریکردنی ئەو قوتابییانەی دەیانەوێت لەو بەرهەمانە دووربن.



