رووداو-تەندروستی
پزیشکان لە چین دوای ساڵێک دەڕنافیزێکی 2.5 سانتیمەتریان لە بۆڕی هەناسەی پیاوێکی تەمەن 70 ساڵ دەرهێنا.
پزیشکان لە شاری چۆنگچینگ لە باشووری رۆژئاوای چین، دەڕنافیزێکی کە درێژییەکەی نزیکەی 2.5 سانتیمەتر بوو لە بۆریی هەناسەی نەخۆشێکی 70 ساڵاندا دەرهێنا، کە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لەوێدا گیریخواردبوو.
بە گوتەی نەخۆشەکە، رووداوەکە لە 9ی ساڵی رابردوودا روویداوە، کاتێک لە کلینیکێکی دداندا نەشتەرگەریی چاندنی ددانی بۆ کراوە و بە هەڵە دەڕنافیزەکە کەوتووەتە نێو بۆریی هەناسەیەوە، لەبەرئەوەی لەو کاتەدا هەستی بە تەنگەنەفەسییەکی زۆر نەکردووە، وا گومان براوە کە تەنەکە چووبێتە نێو سورێنچکییەوە و نەخۆشەکە بەدواداچوونی زیاتری بۆ نەکردووە.
لە مانگەکانی دواتردا، نەخۆشەکە هەندێک جار تووشی کۆکە و هەناسەتەنگی بووە، بەڵام وەک هەڵامەتێکی ئاسایی چارەسەری کردووە. تەنە کانزاییەکە دەرنەکەوت تاوەکو لە پشکنینێکی CTدا لەنێو بۆریی هەناسەی بەشی خوارەوەی سیی راستی نەخۆشەکەدا دۆزرایەوە لە مانگی 3 ئەمساڵ ئاشکرا بوو
د. وانگ شی لە نەخۆشخانەی ساوسوێسترەن لە چین رایگەیاند، "بەهۆی شوێنی تەنەکە، رووی لووس و لێواری تیژی دەرهێنانی کارێکی قورس بوو، بۆیە بڕیاریاندا لەژێر سڕکردنی گشتیدا نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدەین."
د. وانگ شی گوتی " نەشتەرگەرییەکە 10 خولەکی خایەند و بەبێ هیچ خوێنبەربوونێک یان زیانێک بە رووپۆشی بۆریی هەناسە کۆتایی هات و ئێستا تەندروستی نەخۆشەکە جێگیرە و لە نەخۆشخانە دەرچووە."

