رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی شیکاری دەریدەخات، خواردنەوەی هەر بڕێکی کحول ئەگەری تووشبوون بە 10 جۆری جیاوازی شێرپەنجە زیاد دەکات کە مەترسیدارترینەکانیشی تێدایە.
لەگەڵ راگەیێنراوەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەسەر کحول کە دەڵێ، ''هیچ بڕێکی کحول سەلامەت نییە''، توێژەرانی زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا شیکارییان بۆ داتاکانی 843 توێژینەوەی رابردوو لەماوەی 60 ساڵدا کردووە و بۆیان دەرکەوتووە؛ کحول جگە لە شێرپەنجە، پەیوەندیی هەیە بە زیادبوونی چەندین نەخۆشیی درێژخایەنی دیکە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری Nature Health بڵاو کراوەتەوە و د. ئیمانوێلا گاکیدۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: تەنانەت خواردنەوەی پێکێک کحول، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە و چەندین نەخۆشیش زیاد دەکات، ئیدی بەپێی بڕەکە مەترسییەکە زیاتر دەبێت.
ئەو تیمەی زانکۆی واشنتن ئەوەشی بە هەڵە خستەوە کە گوایە ''خواردنەوەی بڕێکی مامناوەندی کحول، سەلامەتە''، بەڵام ئەوەش باس دەکەن کە مەترسییەکە بەپێی تەمەن و باری تەندروستیی کەسەکان دەگۆڕێت و راستە هەندێک لە لێکەوتەکان رەنگە زوو دەرنەکەون، بەڵام بە درێژخایەن دەردەکەون و دەبنە هۆی ناڕێکی و نەخۆشی.
ئەو شێرپەنجانەی لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت، کحول هۆکاری سەرەکییانە؛
- شێرپەنجەی قوڕگ
- شێرپەنجەی کۆڵۆن و رێکە
- شێرپەنجەی سوورێنچک
- شێرپەنجەی مەمک
- شێرپەنجەی جگەر
- شێرپەنجەی پەنکریاس
- شێرپەنجەی پڕۆستات
- شێرپەنجەکانی دیکە
نیشانەکانی وازهێنان لە کحول بەپێی ماوەکان {لە زۆرکەسدا ئەمانە روونادەن و نیشانەکان پەیوەستن بە بڕی ئالوودەبوونەکە}
- دوای 1 تا 3 رۆژ وازهێنان ئەم نیشانانە بە تووندی روودەدەن بەڵام کەمتر دەبنەوە (دڵەڕاوکێ، کەمخەوی، تا، بێهێزی، رشانەوە، لەرزین، سەرسووڕان، وڕێنەکردن و سەرلێشێواوی) کە ئەمانە دوای 4 بۆ 7 رۆژ لە وازهێنان کەم دەبنەوە.
- دوای 2 هەفتە لە وازهێنان ئەم نیشانانە بە لاوازی دەکرێت رووبدەن (هەستەوەری، لەرزین لە سەرما، خەمگینی، تێکچوونی میزاج، تێکەڵکردنی وشەکان، سەرلێشێواوی و دەرمارگیری و تووڕەیی)
- دوای 2 مانگ تا ساڵێک لە وازهێنان کە زۆر بەکەمی ئەمانە روودەدەن (دڵەڕاوکێ، کەمبوونەوەی وزە و بێهێزی، گوشاری دەروونی، لاوازیی سێکسی، ناڕێکیی خەو و لەرزۆکی)



