رووداو - تەندروستی
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسیی ئیبۆلا لە شاری بونیا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، هەندێک خێزان سووربوون لەسەر ئەوەی ئاهەنگی هاوژینییان بکەن، بەڵام بەپێی مەرجەکانی خۆپارێزی.
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی و کەنیسە چەند رێکارێکیان سەپاندووە بۆ خۆپاراستن لە ئیبۆلا و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی. هەرچەندە هەموو کەسێک پێی دڵخۆش نەبوو.
سۆلانژ هاهاتی، بووکێکە و دەڵێ، ئەوان 300 کەسیان بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان بانگهێشت کردبوو، بەڵام کاتێک گەیشتوونەتە کەنیسە، بەرپرسانی کەنیسە تەنیا رێگەیان بە 50 کەس داوە بچنە ژوورەوە.
کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لە مانگی ئایاری رابردووەوە رووبەڕووی بڵاوبوونەوەیەکی نوێی ئیبۆلا بووەتەوە، بەپێی تەندروستیی کۆنگۆ تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 452 تووشبوویان پشتڕاست کردووەتەوە، کە 82 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
لەماوەی 24 کاژێریشدا، 71 تووشبووی نوێ پشتڕاست کرانەوە، کە دەسەڵاتداران دەڵێن نیشانەی "بڵاوبوونەوەی چالاکە لەنێو کۆمەڵگەدا''.
گومان دەکرێت بڵاوبوونەوەی ئێستای نەخۆشییەکە لە کۆنگۆ زیاتر لە 1000 کەسی تووشکردبێت.
بێنوا نیانگێ، کە خزمێکی بووک و زاوایە دەڵێ، "هیچ ماچکردنێک نییە و سڵاوکردنمان بۆ کەمترین ئاست کەم کردووەتەوە بۆ خۆپاراستن لە ئیبۆلا. دەست لە یەکدی نادەین و یەکدی لە ئامێز ناگرین، هەریەکە و بە رێگەی خۆیدا دەڕوات''.
ئامارەکانی قوربانییانی جۆرە نوێیەکەی ئیبۆلا لە کۆنگۆ
ژمارەی تووشبووانی گومانلێکراو= نزیکەی 1000 کەس
ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراو= 452 کەس
ژمارەی ئەوانەی گیانیانلەدەستداوە و گوماندەکرێت بەهۆی ئیبۆلاوە بووبێت= 240 کەس
ژمارەی ئەوانەی پشتڕاستکراوەتەوە کە بەهۆی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە= 82 کەس
رێژەی کوشندەیی ڤایرۆسەکە= 50٪
ئەمە لە ئۆگەندای دراوسێی کۆنگۆش بڵاو بووەتەوە و 19 تووشبووی پشتڕاستکراو و 2 حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ئیبۆلای تێدا تۆمار کراون.
ئەمەش بزانە
لە ساڵانی 2013 بۆ 2016 جۆرێکی ئیبۆلا بە ناوی زاییر بڵاو بووەوە کە زیاتر لە 11 هەزار کەسی کوشت و 28 هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئەم جۆرە نوێیەی دیکەی وەکو گرووپێکی هاوشێوە و نزیک لەو جۆرە بڵاو بووەتەوە.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو



