رووداو - تەندروستی
لە سەنتەرێکی چارەسەریی تووشبووانی کۆلێرا لە ناوچەی بۆرنۆی نەیجیریا، سەتان تووشبووی کۆلێرا لەسەر قەرەوێڵەکان پاڵکەوتوون و کانیولا و چارەسەریان بۆ دانراوە.
کۆلێرا بڵاو بووەتەوە و دۆخەکە خراپە بەتایبەت لەو شوێنانەی لەژێر دەسەڵاتی گرووپە تووندڕۆیەکان بوون و سیستمی تەندروستییان تێدا لاوازە.
هاروونا تیجانی، چاکبووەوەی کۆلێرا دەڵێت، ''تووشی کۆلێرا بووم و بردیانم بۆ نەخۆشخانە، لەوێ چارەسەرێکی باشم وەرگرت. دواتر لە نەخۆشخانە دەرچووم. ئێستا لە ماڵەوەم و دوای وەرگرتنی چارەسەرەکە، هەست بە باشییەکی زۆر دەکەم''.
رێکخراوی پزیشکانی بێ سنووری فەرەنسی رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێراوە 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و لە سەرەتای مانگی ئایارەوە زیاتر لە حەوت هەزار تووشبووی گوماناویش تۆمارکراون.
جێسی کورنورکار، رێکخەری پڕۆژەکان لە رێکخراوی پزیشکانی بێ سنووری فەرەنسی گوتی، ''ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە ئەوەیە کە ویلایەتی بۆرنۆ گەورەترین و چڕترین دانیشتووانی هەیە. ئاو و ئاوەڕۆ باش نییە، ئەمەش دۆخەکەی خراپتر کردووە. پیساییکردن لە شوێنی کراوەدا دۆخەکە خراپتر دەکات و هاوکارمان لێرە نییە''.
بۆ ئەوەی لە کۆلێرا پارێزراو بیت دەبێت (دەستەکان بە باشی بشۆردرێن و لە خواردنی سەوزە و خۆراکی دەرەوە و سەر عەرەبانەش دوور بیت، ئاوی خاوێن بخۆیتەوە و بە باشیش سەوزە و میوە بشۆیتەوە، هەروەها ڤاکسینی دژە کۆلێرا وەربگریت).
لە نەیجیریا رۆژانە چارەسەر بە 185 نەخۆشی کۆلێرا دەدرێت و تەنیا هەینیی رابردوو 500 نەخۆش تۆمار کراون. هۆکاری سەرەکیش ئاوی پیس و لاوازیی خزمەتگوزاریی تەندروستییە.



