رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی دەریخستووە، ئەو خانمانەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆیی (HPV) وەردەگرن، مەترسیی مردنیان بەهۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدانەوە پێش تەمەنی 30 ساڵی نزیک دەبێتەوە لە سفر.
توێژینەوەکە لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی کوین ماری بەریتانیا کراوە دەریخستووە کە رێژەی مردن بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە لەو کاتەوەی ڤاکسینەکە لە ساڵی 2008 بۆ کچانی قوتابیی تەمەن 12-13 ساڵان دەستپێکراوە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 کەس لە ئینگلتەرا لە مردن رزگارکراون.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2024، هیچ حاڵەتێکی مردن لەنێو خانمانی تەمەن 20-24 ساڵاندا تۆمارنەکراوە، کە رێژەی وەرگرتنی ڤاکسینەکەیان لە تەمەنی 12-13 ساڵیدا نزیکەی 88-90% بووە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات خانمانی تەمەن 30-34 ساڵان کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، مەترسیی مردن بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان بە رێژەی 63% کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی ڤاکسینەکەیان وەرنەگرتووە.
ڤایرۆسی HPV، کە لە رێگەی بەرکەوتنی پێست بە پێست لە کاتی چالاکیی سێکسیدا بڵاودەبێتەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی شێرپەنجەی ملی منداڵدان.



