رووداو- تەندروستی
ئیرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتی و هەڵبژاردەی نەرویج، بەردەوام بەدوای رێگەی نوێدا دەگەڕێت بۆ باشترکردنی تەندروستی و ئاستی وەرزشیی خۆی، یەکێک لەو خووی رۆژانەیەی، پیاسەیەکی 10 خولەکیی بەیانیانە لە بەر تیشکی خۆر.
ئیرلینگ هالاند، لە چەناڵی یوتیوبی خۆی دەڵێت: "حەزدەکەم شتی نوێ تاقیبکەمەوە بۆ ژیانی خۆم و بۆ کارەکەم، بۆچی هەوڵ نەدەم هەندێک شتی بچووک و ئاسان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەم؟"
هالاند دەڵێت، یەکێک لەو کارانە کە بە باشی دەزانێت، بریتییە لە دەستپێکردنی رۆژ بە تیشکی خۆر و هەوای پاک، پیاسەیەکی کورت لە بەیانیان.
پسپۆڕان، پشتگیریی ئەم بۆچوونە دەکەن و دەڵێن، بەرکەوتنی تیشکی خۆری بەیانیان رێگەیەکی نایابە بۆ دەستپێکردنی رۆژ، چونکە کاتژمێری بایۆلۆجیی جەستە رێکدەخات، ئەم کاتژمێرە بایۆلۆجییە کاریگەریی لەسەر زۆربەی کۆئەندامەکانی جەستە هەیە و رێکخستنی دەبێتە هۆی باشتربوونی رژانی هۆرمۆنەکان، فرمانی خانەکان، زیندەچالاکی جەستە و کواڵیتیی خەو.
ئیمیلی کاپۆدیلۆپۆ، جێگری سەرۆکی توێژینەوە لە کۆمپانیای Whoop دەڵێت: "توێژینەوەکانمان دەریانخستووە کە هەبوونی کاتێکی دیاریکراو بۆ خەوتن و هەستان لە خەو، یەکێکە لە باشترین شتەکان کە دەتوانیت بۆ خەو و تەندروستیت ئەنجامی بدەیت."
بە گوتەی ئیمیلی کاپۆدیلۆپۆ، ئەم کارە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە و هەوکردن کەمدەکاتەوە و تەندروستیی مێتابۆلیزم باشتر دەکات، هەروەها مەترسیی نەخۆشییەکانی وەک شەکرەی جۆری 2 کەمدەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر کاتێکی رێکوپێکت نەبوو کردنەوەی پەردەکان یان شوشتنی ددانەکانت لە بەردەم پەنجەرەیەکدا بۆ ماوەی 10 خولەک لە بەر تیشکی خۆر، سوودی دەبێت.



