رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، بەرکەوتنی خانمان بە مادە کیمیاییەکانی پاککەرەوەکان کە مادەکانی PFASـیان تێدایە هۆکارێکی باوە بۆ تووشبوونیان بە فرەکیسی هێلکەدان.
توێژینەوەکە لە زانکۆی هارڤارد لەسەر 325 دایک و کچەکانیان کراوە و دەرکەوتووە، ئەو دایکانەی بەرکەوتەیان بە مادە کیمیاییەکان هەبووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کچەکانیان لەکاتی گەورەبووندا تووشی کیسی هێلکەدان بوون.
دۆزینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە بەرکەوتن بە مادە کیمیاییەکان رەنگە هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە، ئەم توێژینەوەیە لەسەر توێژینەوەکانی پێشوو بنیات دەنرێت کە نیشانەکانی هەستیاری زۆر کیمیایی بە کۆمەڵێک کێشەی هۆڕمۆن و گەشەکردنەوە دەبەستێتەوە، بەڵام یەکەم توێژینەوەیە لە جۆرەکەیدا کە کاریگەرییەکانی بەرکەوتنی پێش لەدایکبوون لەسەر گەشەکردنی نیشانەکانی هێلکەدانی فرە کیسی (PCOS) بپشکنێت.
لە بەدواداچوونێکی مەیدانی رووداو، د. رۆندک ئەحمەد، بەرپرسی بەشی خۆراکزانی لە زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژە بەوەدەکات، ماددەی پیفاس لە ناو مادە پاککەرەوەکان، هەندێک جۆری شامپۆ و کەلوپەلە پلاستیکییەکاندا هەن و هیچ بڕێکی پیفاس بۆ بەکارهێنان یان بەرکەوتن سەلامەت نییە.
بە گوێرەی FDA, ماددەی پیفاس لە نایلۆن و سفرەی سەفەری و یارییەکانی منداڵان و ماددە پاکەرەوەکانیشدا هەیە و لە ساڵی 2022ـەوە مەترسییەکانی خراونەتەڕوو.


