رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین روونکردنەوەیەکی لەبارەی کڕینی ئامێرێکی سی تی سکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە راگەیاند و دەڵێ، فەرمانی دارایی بۆ کڕینی ئەو ئامێرە گەیشتووە و چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا بدرێتە کۆمپانیایەک بۆ ئەوەی دابینی بکات.
دوای ئەوەی کارگێریی سەنتەری تیشکی رانیە دوێنێ سێشەممە 23-6-2026 راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتبوو، ''زیاتر لە 10 ساڵە داوای کڕینی ئامێرێکی سی تی سکان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە دەکەن، بەڵام تەندروستیی راپەڕین نەیتوانیوە دابینی بکات و بەهۆی بێ پلانییەوە ئامێرێکیش کە بڕیارە بکڕدرێ، پسپۆڕانی لێ ئاگادار نەکراوەتەوە و پێداویستیی ناوچەکە پڕ ناکاتەوە''.
ئەمڕۆ تەندروستیی راپەڕین وەڵامی ئەمەی داوەتەوە و ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەم ساڵدا فەرمانی دارایی تایبەت بۆ کڕینی ئامێری سی تی سکان گەیشتووتە بەڕێوەبەرایەتییەکە و رێکارەکانی تەندەرینگی بۆ کراوە.
ئەوەش باس دەکات کە ئێستا پڕۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخی شیکردنەوەی تەندەرەکان و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بۆ یەکێک لە کۆمپانیاکان دەربچێت و ئیدی بکڕدرێت.
بەپێی تەندروستیی راپەڕین، پڕۆسەی کڕینی ئەو ئامێرە بەپێی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بە بێ وەستان جێبەجێ کراوە، تاوەکو بە زووترین کار بکەوێتە کار.



