رووداو - تەندروستی
بەرپرسی بەشی توێژینەوەی نەخۆشخانەی هیوا ئاشکرای دەکات، رێژەی چاکبوونەوە لە شێرپەنجە لەنێو بەساڵاچووان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆر باشترە لە رێژەی چاکبوونەوە لەنێو گەنجان. ئەو پسپۆڕە هۆکارەکە باس دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24-6-2026 د. سارا جەمیل، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا بە رووداوی راگەیاند، بەساڵاچووان کاتێک تووشی شێرپەنجە دەبن، بە لاوازی دەیگرن و زۆرجاریش زوو دەردەکەوێت، هەر بۆیە چارەسەریان خێرا و ئاسانە.
د. سارا جەمیل وێنەی خۆی لەگەڵ نەخۆشێکی بەساڵاچوو کە تەمەنی 68 ساڵە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی؛ ناسکە خان خانمێکی ئازا، بەهێز و رووخۆشە؛ دوای 2 ساڵ لە وەرگرتنی چارەسەر توانی زاڵ بێت بەسەر شێرپەنجەکەیدا.
ئەو خانمە شێرپەنجەی هێلکەدانی هەبووە و لەڕێگەی پشکنینی پێشوەختەوە زانراوە کە تووشبووە، هەر بۆیە زوو چارەسەری پێدراوە و دوای 2 ساڵ، بەسەر شێرپەنجەکەیدا زاڵ بووە.
ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، ئەو چارەسەرەی دەدرێت بە تووشبووانی بەساڵاچوو لاوازترە لەو چارەسەرەی دەدرێت بە گەنجان، چونکە بەساڵاچووان کێشەی دیکەیان هەیە و دەشێت چارەسەری بەهێز ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.
بەرپرسی بەشی توێژینەوەی نەخۆشخانەی هیوا دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە هەمان ئەو دەرمانەی لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بەکاردێت، لە هەرێمی کوردستانیش بەردەستە و بە باشترین کواڵیتی چارەسەر بە تووشبووان دەدەن.
.png&w=3840&q=75)


