رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری پیاوێک دەهێندرێتە بەشی فریاکەوتنەکە؛ بەپێی نەخۆشخانەکە دڵی وەستاوە و دوای نزیکەی کاژێرێک، دڵیان هێناوەتەوە کار.
ئەمڕۆ سێشەممە 30-6-2026 سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری بە رووداوی راگەیاند، ئەو پیاوە نزیکەی 40 ساڵ دەبوو، کە هاتە فریاکەوتن دڵی لە لێدان وەستابوو و پزیشکێکی خولاو لەگەڵ تیمەکەیدا بووژاندنەوەی دڵیان بۆی کرد و دوای کاژێرێک ژیانی بۆ گەڕایەوە.
سامان سەرتیپ روونی دەکاتەوە، هەرچەندە هۆکاری دیاریکراوی وەستانی دڵی ئەو پیاوە دیار نەبووە، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆرەوە کێشەی لە کارەبایی دڵیدا هەبووە، دڵنیاییشیدا کە ئەوە بە جەڵتەی دڵ وای لێ نەهاتووە. ئەو پیاوە ئێستا تەندروستە و ئەو رۆژەی کە وایلێهاتووە، 28ـی ئەم مانگە بووە.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شەهید خالید گەرمیانی دەڵێت: لە مانگێکدا 5 بۆ 6 نەخۆشی فریاکەوتنی جەڵتەی دڵ لە سنووری کفری دەهێندرێن و ئەمەش رێژەیەکی زۆرە.
رووداو پرسیاری لەبارەی ئامارەکانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە کرد، بەڵام سامان سەرتیپ لە وەڵامدا گوتی: بەهۆی کەمیی کارمەندەوە گوشاری زۆر لە بەشی فریاکەوتن هەیە و کارمەندی وا هەیە، دوو بۆ سێ کار بەیەکەوە دەکات، هەر بۆیە نایپەرژێتە سەر تۆمارکردنی ئامارەکان.

